حەشدی شەعبی لە بەغدا بۆردوومانکرا

رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ سەربازگەی سەقەڕ لە بەغدا چەند جارێک بۆردوومانکرا؛ ''سەربازگەکە چۆڵ کرابوو''
 
سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ چەند جارێک بە فڕۆکەی جەنگی سەربازگەی سەقەڕ لە بەغدا بۆردوومانکراوە.
 
ئەو سەرچاوەیەی رووداو دەڵێت، "بۆردوومانەکە جگە لە زیانی مادی زیانی گیانی نەبووە چونکە "پێشتر سەربازگەکە چۆڵ کرابوو."
 
سەربازگەی سەقەڕ لە بەغدا، هێزەکانی ناوخۆ، پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی تێدا جێگیرکرابوو.
 
هەر ئەمڕۆ، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هێرشێک کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی سوپای عێراق لە سنووری قەزای مەخموور.
 
لەبارەی شێواز و شوێنی بەئامانجگرتنەکەوە، سەعد مەعن گوتی، "هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و بە دیاریکراویش کراوەتە سەر کەتیبەی ئەندازیاریی سەر بە فیرقەی 14ـی سوپا و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."