کۆمپانیای نەوتی میسان: بەرهەمهێنان و دابەشکردنی گازی ماڵان دەستیپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی میسان، بەرهەمهێنانی گازی شلی (LPG) تایبەت بە بەکاربردنی ماڵانی لە کێڵگەی نەوتی حەلفایە دەستپێکردەوە و بەرپرسێکی کۆمپانیاکە دەڵێ، لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی گازی ماڵان دەستپێدەکاتەوە.
عەلی کازم هاشم، بەڕێوەبەی نووسینگەی بەڕێوەبەی گشتیی کۆمپانیای نەوتی میسان، رۆژی یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرهەمهێنانی گازی ماڵان لە کێڵگەی نەوتیی حەلفایە دەستیپێکردووەتەوە، ئەمەش دوای ماوەیەک لە راوەستانی ناچاری بەهۆی لێکەوتەکانی قەیرانی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە."
عەلی کازم هاشم، ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەمڕۆوە پرۆسەی بارکردن و دابەشکردنی گازی شل گازی شلی (LPG) تایبەت بە بەکارهێنانی ماڵان، بە مەبەستی دابینکردنی بۆ سەرجەم پارێزگاکان بەشێوەی قۆناخبەندی دەستیپێکردەوە و لە کاژێرەکانی داهاتوودا پرۆسەی بارکردنەکە زیاتر دەکرێت.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوەکردەوە، پرۆسەی دابینکردنی گاز بۆ سەرجەم کارگەکانی گاز لە سەرتاسەری عێراق و پارێزگاکە بە پشکە بڕیارلەسەردراوەکان دەستیپێکردووەتەوە.
سەبارەت بە ناردنی گاز بۆ هەرێمی کوردستان، عەلی کازم گوتی، ئەو بابەتە پەیوەندی بە کۆمپانیای نەوتی میسانەوە نییە.
کۆمپانیای نەوتی میسان داوا لە هاووڵاتییان دەکات هیچ نیگەرانییەکیان سەبارەت بە کەمیی غاز نەبێت، چونکە ئێستا بەرهەمهێنان بەپێی پلانە کارپێکراوەکان بەردەوامە بۆ گەرەنتیی جێگیریی دابینکردنی گاز و پڕکردنەوەی تەواوی پێداویستییە رۆژانەکانی هاووڵاتییان.