هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتە نێودەوڵەتییەکانی دەستپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتە نێودەوڵەتییەکانی دەستپێکردووەتەوە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک هەنگاوی یەکەم، ئەمڕۆ یەکشەممە گەشتێکی ئاسمانی لە بەغداوە بۆ شاری نیودەلهی پایتەختی هیندستان کرا."
مەیسەم سافی گوتی، بڕیارە رۆژی چوارشەممەش یەکەم گەشتی نێوان بەغدا و شاری گوانژۆی چین بکرێ و لە چەند رۆژی داهاتوویشدا گەشتەکان بۆ قاهیرە و عەممان دەکرێن.
گەشتە نێوخۆییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026ـەوە دەستیانپێکردەوە.
لە 28ی شوباتی 2026 و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا.
دوای راگەیاندنی ئاگربەست، بەنگین رێکانی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق بەوەکالەت، رۆژی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 بە رووداوی راگەیاند، ئاسمانی عێراق کراوەتەوە و گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.