کۆمیسۆن: 20ی ئەم مانگە تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ لەدایکبووانی 2008 دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا بە نوێکردنەوەی زانیاریی دەنگدەران و زیادکردنی سێ تەمەنی نوێ بۆ نێو سیستمی تۆمارکردنی بایۆمەتری. کۆمیسیۆن دەڵێ، لە عێراق لەدایکبووی ساڵی 2008 ژمارەیان زیاتر یەک ملیۆن کەسە و زیاتر لە 100 هەزاریش لە هەرێمی کوردستانن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە (12ی نیسانی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێکردنەوەی داتابەیسی دەنگدەران و زیادکردنی ناوی لەدایکبووانی ساڵانی (2008، 2009 و 2010) بۆ نێو سیستمی تۆمارکردنی بایۆمەتری."
سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی زانیارییەکان، گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، زانیاریی و ناوی ئەم تەمەنانە لە بەڕێوەبەرایەتیی فۆرمی خۆراکی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق وەرگیراوە، ئەوەش بە مەبەستی رێکخستنی پرۆسەی تۆمارکردنیان لە سیستمی بایۆمەتریدا.
جومانە غەلای گوتی: "20ی ئەم مانگە پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ لەدایکبووانی ساڵی 2008 دەستپێدەکات، چونکە لە ساڵی 2026دا تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ کە ئیدی مافی دەنگدانیان دەبێت. ژمارەی ئەو گەنجانەش لەسەر ئاستی عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە."
پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاشکرای کرد کە ژمارەی ئەو گەنجانەی لەدایکبووی ساڵی 2008ن و مافی تۆمارکردنی ناویان هەیە، زیاتر لە 100 هەزار کەسن و گوتی، ئەوان دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن بۆ ئەوەی زانیارییە بایۆمەترییەکانیان تۆمار بکەن.
جومانە غەلای جەختی لەوە کردەوە کە هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا داتای ئامێرەکانی هەڵبژاردن نوێ دەکرێتەوە و دوای تەواوبوونی قۆناخی تۆمارکردن، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بۆ ئەو دەنگدەرە نوێیانە چاپ دەکرێ.