ئەحمەد شەرع سەردانی بەغدا ناکات و شەیبانی دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەحمەد شەرع سەردانی بەغدا ناکات و وەزیری دەرەوە لە جێگەی خۆی دەنێرێت. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئایاری 2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانمان، ئەحمەد شەرع بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی سەردانی بەغدا ناکات و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی وەکو نوێنەری خۆی دەنێرێت."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "نەهاتنی ئەحمەد شەرع پەیوەندی بە لایەنی ئەمنییەوە نییە، بەشێکی دیکەش لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە دێنە بەغدا یان نا، بۆ نموونە پاشای مەغریب رایگەیاندووە کە ناتوانێت بێت. بۆیە نەهاتنی ئەحمەد شەرع شتێکی ئاساییە."
 
دوابەدوای ئەوە، نووسینگەی سەرۆکایەتی سووریا رایگەیاند، "ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەشداری لە لوتکەی عەرەبی ناکات کە بڕیارە لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەبچێت و  وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی شاندی سووریا دەکات."
 
لووتکەى وڵاتانی عەرەبی، لە 17ـی ئایاری 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. 27ـی نیسان عێراق بە فەرمى بانگهێشتنامەی رادەستى ئەحمەد شەرع کرد، بۆ ئامادەبوون لەو لووتکەکە.
 
چەند رۆژێک دواتر، دەنگۆیەک لە میدیا بڵاوبووەوە، گوایە ئەحمەد شەرع داوای لە ئەمریکا کردووە گەرەنتیی پاراستنی ئەمنی بکرێت، بۆ بەشداربوونی لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا.
 
6ـی ئایار، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرجەم رێکارە ئەمنییەکانمان بۆ پاراستنی کۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا تەواو کردووە، سەرجەم ئامادەبووانی لووتکەکە پارێزراو دەبن."
 
سەباح نوعمان گوتیشی، "ئەوانەی لە لووتکەکەدا بەشدار دەبن، لە هەر پێگە و پۆستێکدا بن، ئاسایشیان پارێزراو دەبێت و رێکاری ئەمنیی تووند بە چەندین شێوە دەگرینەبەر و پلانمان بۆ داناوە."
 
هەر لە 6ی ئایار، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "داوای گەرەنتیی ئەمنی لە عێراق نەکراوە، بۆ ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا."