بانکی ناوەندیی عێراق: بەردەوامین لە چاکسازی لە کەرتی بانکی و کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی وردبینی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق جەخت لە بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی بانکیدا دەکاتەوە و دەڵێ، کاردەکەن بۆ ئەوەی بانکەکان بگەڕێنەوە نێو سیستمی دارایی جیهانی و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی وردبینیی نێودەوڵەتی دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئایاری 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیی کەرتی بانکی، ئەوەش وەک بەشێک لە ستراتیژییەتەکەیان بۆ بەهێزکردنی سیستمی دارایی و پەرەپێدانی کارایی دامەزراوە بانکییەکان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بانکە عێراقییەکان خەریکی تەواوکردنی قۆناخی دووەمی بەرنامەی چاکسازین، کە جەخت لە بەرزکردنەوەی ئاستی پابەندی، حوکمڕانی، شەفافیەت و باشترکردنی کاری دامەزراوەیی دەکاتەوە."
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکانیان چڕکردوونەتەوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو بانکانەی دەستیان بە حەواڵەی دەرەکی ناگات، ئەوەش لە رێگەی پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەوەی بتوانن مەرج و پێوەرە چاودێرییەکان جێبەجێ بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بانکی ناوەندیی عێراق لە رێوشوێنی گرێبەستکردندایە لەگەڵ کۆمپانیایەکی وردبینیی سەربەخۆ و تایبەت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ ئەو بانکانە بکات کە مەرجەکانی قۆناخی یەکەمی چاکسازییان جێبەجێ کردووە، تاوەکو دڵنیابنەوە لەوەی دەتوانن حەواڵەی دەرەکی بە دراوە جیاوازەکان بکەن.
بانکی ناوەندی دەڵێت: "ئەم هەنگاوانە دەرفەت بۆ ئەو بانکە پابەندانە دەڕەخسێنن کە دەستیان بە حەواڵەی دراوە بیانییەکان دەگات، لەوانە (یۆرۆ، درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی) و دراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە."