وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: زیاتر لە دوو هەزار بیانی بوونەتە خاوەنی وڵاتینامەی عێراقی
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، لە ساڵی 2006ـەوە دوو هەزار و 757 هاووڵاتی بیانی وڵاتینامەی عێراقیان پێدراوە و زۆرینەیان لە رێگەی هاوژینییەوە بووە.
لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند: "کۆی گشتی ئەو بیانییانەی لە ساڵی 2006ـەوە وڵاتینامەی عێراقییان پێدراوە، گەیشتووەتە دوو هەزار و 757 کەس."
سەبارەت بە وردەکاریی پێدانی وڵاتینامەکان، لیوا میقداد میری گوتی : "پرۆسەی پێدانی وڵاتینامە بەپێی رێکارە یاساییەکان بووە. رێکارەکان دوای رەزامەندییە فەرمییەکان و تەواوکردنی هەموو مەرجە ئەمنی و کارگێڕییەکان جێبەجێ کراون."
بە گوتەی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ، زۆرینە بیانییەکان کە وڵاتینامەی عێراقییان پێدراوە لە رێگەی هاوژینییەوە بووە لەگەڵ هاووڵاتییەکی عێراق، ئەوانی دیکەش لە خاکی عێراق دەرنەچوون بۆ 10 ساڵ.
لیوا میقداد میری دەشڵێت :" پێدانی وڵاتینامەی عێراقی لە چوارچێوەی رێکارە فەرمییە وردەکاندایە بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بەو یاسا و رێنماییانەی تایبەتن بە وڵاتینامە."