پلانێکی "تیرۆریستی" لە هامبۆرگی ئەڵمانیا پووچەڵکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
(سەنتەری نیشتمانی بۆ هاریکاری دادوەریی نێودەوڵەتی) سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە ئەنجامی هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا، پلانێکی "تیرۆریستیی مەترسیدار" لە شاری هامبۆرگی ئەو وڵاتە پووچەڵکراوەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، (سەنتەری نیشتمانی بۆ هاریکاری دادوەریی نێودەوڵەتی) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو پلانە "تیرۆریستییە" لە قۆناخێکی پێشکەوتوودا بووە و ئامانج ئەوە بووە هێرش بکرێتە سەر کۆبوونەوەی خەڵک لەنێو شاری هامبۆرگ.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پووچەڵکردنەوەی پلانەکە دوای ئەوە هات کە لایەنی عێراقی زانیاری و بەڵگەی "زۆر گرنگ"ـی رادەستی ئەڵمانیا کرد، ئەمەش وایکرد لایەنی ئەڵمانی رێکاری خێرا بگرێتەبەر و بەر لە جێبەجێکردنی هێرشەکە، رێگری لێ بکات.
عەلی حوسێن جەفات، سەرۆکی (سەنتەری نیشتمانی بۆ هاریکاری دادوەریی نێودەوڵەتی) رایگەیاند: "ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی رێنماییەکانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دێت بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی دادوەری و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست، بەتایبەت لە دۆسیەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانە رێکخراوەکان."
سەرۆکی سەنتەرەکە راشیگەیاند، سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە گرنگیی هاوکاری دادوەری و ئەمنی نێوان وڵاتان دەردەخات بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانە "تیرۆریستییەکان" بەر لە روودانیان.