وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: بازرگانێکی مەترسیداری مادە هۆشبەرەکانمان لە نێو رێڕەوێکی نهێنی دا دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای بەسرە، بازرگانێکی مەترسیداری دەستگیرکرد کە هەوڵی دەدا لە رێگەی رێڕەوێکی نهێنییەوە لەنێو ماڵەکەیدا رابکات.
عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر ئەنجامدراوە، هێزەکانمان توانیویانە ماڵی تۆمەتبارەکە بە تەواوی گەمارۆ بدەن."
لە کاتی گەمارۆدانەکەدا، تۆمەتبارەکە هەوڵی داوە ئەو مادە هۆشبەرانەی لای بوون فڕێیان بدات و لەنێوببات، هاوکات هەوڵیشی داوە لە رێگەی رێڕەوێکی نهێنییەوە کە پێشتر لەنێو ماڵەکەیدا بۆ کاتی هەڵاتن دروستی کردبوو، رابکات و لە دەستی هێزە ئەمنییەکان رزگاری بێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند: "وریایی و لێهاتوویی کارمەندەکانمان رێگری لە پلانەکەی تۆمەتبارەکە کرد و نەیانهێشت هیچ دەرفەتێکی بۆ راکردن هەبێت، هەر لە نێو رێڕەوەکەدا دەستگیرکرا."
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لە دەستپێکی ئەم ساڵەوە کۆی گشتیی سزادراوانی دۆسیەی مادە هۆشبەرەکان گەیشتووەتە دوو هەزار و 498 کەس.
ئەم ساڵ 37 کەس لە عێراق بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 173 کەسیش بە تاهەتایی سزادراون، دوو هەزار و 288 کەسەکەی دیکەش سزای جیاوازی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
لەبارەی بڕی ئەو مادە هۆشبەرانەی کە لەم ساڵدا لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە، گوتەبێژی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، بڕی یەک تۆن و 563 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.