بەڕێوەبەری دەروازەی ئوم قەسری باکوور و سەرۆکی لیژنەی هاوتاکردن دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ

بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن، بەڕێوەبەری دەروازەی ئوم قەسری باکوور و سەرۆکی لیژنەی هاوتاکردن دەستگیرکران و لە ئۆفیسەکەشیاندا دەستبەسەر بڕێک پارەدا گیرا.
 
ئەمڕۆ شەممە 12/6/2021، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی لە پارێزگای بەسرە، دوای بەدواداچوون و گەڕان، بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن، بەڕێوەبەری دەروازەی ئوم قەسری باکووری دەستگیرکردووە، کە پلەکەی عەمیدە.
 
دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، بەڕێوەبەری دەروازەکە بەوە تۆمەتبارە کە لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا لە دەروازەکە "ئاسانکاری کردووە بۆ هێنانە ژوورەوەی چەند بارێک" پێچەوانەی رێکارەکان و لە ژوورەکەیدا دەست بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گیراوە، لەگەڵ بڕێک پارەی دیکە، کە سەرچاوەکەی نادیارە.
 
دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هەروەها سەرۆکی لیژنەی هاوتاکردنی وردبینیی مامەڵە گومرگییەکان و لێخۆشبوون دەستگیرکراوە، کە ئەویش پلەی عەمیدە. بڕێک پارەش لە ئۆفیسەکەی دەستی بەسەرداگیراوە، کاتێک پرسیار لە سەرچاوەی پارەکە کراوە، نکۆڵی کردووە لەوەی زانیاری لەبارەی سەرچاوەی ئەو پارە هەبێت. 
 
دەستەی دەستپاکی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری دەروازەی ئوم قەسری باکوور و سەرۆکی ئەو لیژنەیە، بەپێی دوو یاداشتی دادوەریی بووە و گوتیشی، رێکاری تایبەتیان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دادوەریش بڕیاریداوە هەردووکیان بە دەستبەسەری لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بمێننەوە.