پەرلەمان گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی پەسندکرد و پێشنیازەکانى گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى رەتکردەوە.
پەرلەمانى عێراق بە زۆرینەى دەنگ پڕۆژەیاسای گشتیی عێراقى پەسندکرد کە بڕەکەى نزیکەى 199 تریلیۆن دنیارە و بۆ ماوەى سێ ساڵە.
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پێشنیازى دانەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە رێژەى 12% لە پارەى زیادەى نرخى فرۆشتنی نەوت لەلایەن محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانەوە خوێندرایەوە، بەڵام بە دەنگدان رەتکرایەوە.
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، "پەرلەمانتارە شیعەکان لەدژى بوون و رازى نەبوون پاشەکەوتى مووچە لە پارەى زیادەى نرخى نەوت بدرێتەوە."
هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: ئەوەی لەبارەی پاشەکەوتی مووچەیە، "بە شایەتیی هەموو لایەک لە کۆبوونەوەی ماڵی د. فوئاد و ماڵی هادی عامری، گوتوومانە هۆکاری پاشەکەوتی مووچە ئەوە بووە حکومەتی عێراق بودجەی بڕیوە، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەوەش بکرێت، کۆمەڵێک هەنگاومان نا و بیرمان کردەوە کە زیادەی نەوت وەک دەچێت بۆ پارێزگاکانی دیکە، ئێستا سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، لەو زیادەیە دەتوانرێت پاشەکەوتی مووچە بدرێتەوە و ئەوەمان کردە پڕۆژەیەک."
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد، لەکاتی خوێندنەوەی پڕۆژەکەیان کە گەڕاندنەوەی مووچەیە بە رێژەی 12%، "من لەسەر سەکۆکە بووم و دەزانم دەنگی پێویستی هێنا، راستە سەرۆکی پەرلەمان گوتی دەنگی نەهێنا، بەڵام لێکۆڵینەوە دەکەین و ڤیدیۆی دانیشتنەکە لێدەدەینەوە و دڵنیاین لەوەی دەنگی هێناوە."
لە ئەگەری هێنانی دەنگی تەواو، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر دەنگی هێنا و لە کامێراکان دەرکەوتبوو، هەر لە پەرلەمان سەرۆکایەتیی پەرلەمان مادەکە دەستکاری دەکەن و دەینێرن بۆ حکومەت و دەبێتە یاسا."