دادگەی فیدراڵیی عێراق جێبەجێکردنی ژمارەیەک مادەی یاسای بودجە رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە فەرمانێک، جێبەجێکردنی ژمارەیەک مادەی یاسای بودجەی گشتی راگرت کە لەلایەن حکومەتەوە تانەیان لێدراوە. ئەو مادانە هیچ پەیوەندییەکیان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەکە رۆژی 12-07-2023، فەرمانێکی دەرکردووە تایبەت بە راگرتنی جێبەجێکردنی ئەم مادانە: مادەی (28/چوارەم: ئەلف-با)، (57/یەکەم/ جیم) و (65/ دووەم)، (70/ دووەم)، ( 71) و ( 75) لە یاسای ژمارە 13ی 2023ی بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023-2024-2025) تاوەکو بڕیار لەسەر سکاڵا دەستوورییە دەدرێت کە لە دادگەکە تۆمارکراوە.
بەگوێرەی نووسراوێک کە رۆژی 26ـی حوزەیرانی 2023 دەرکراوە و واژۆی قاسم سەحیب، بریکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەرە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای لە دژی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمار کردووە، لە بەرامبەر گۆڕانکاری لە 12 مادەی نێو یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای لە دژى 12 مادەی نێو یاسای بودجەی عێراق تۆمار کرد و داوا دەکات بەشێوەیەکى کاتى جێبەجێکردنى ئەو مادانە رابگیرێن تاوەکو سکاڵاکە یەکلایی دەبێتەوە.
سکاڵاکە مادەکانی 11، 12، 13 ناگرێتەوە کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان. چاوەڕێ دەکرا لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکارییانەی لەو مادانە کران، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستی هەبێت.
لە سکاڵاکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پەرلەمانی عێراق چەند بڕگەیەکی بۆ ئەوە مادانە زیادکردووە کە پابەندبوونی داراییان هەیە، ئەوەش پێچەوانەی مادەی 62ـی دەستووری عێراقە، ئەوە جگە لەوەی چەند بڕگەیەکی دیکەی زیادکردووە کە پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی دەوڵەتە کە تێیدا هاتووە، پوختەی تانەکان بەم شێوەیە:
یەکەم: لە مادەی ( 2/یەکەم/ 8/جیم/6) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دا، دەسەڵات تەنیا دراوەتە پارێزگار بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ گەشەپێدەران (وەبەرهێنەران) بەپێی یاسای وەبەرهێنانی بەرکار، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی دەوڵەتە کە دووپات لە هاندانی وەبەرهێنان دەکاتەوە لە هەموو وەزارەت و ئەو لایەن و دەستانەی سەر بە وەزارەت و پارێزگاکان نین، بۆ ئەوەی پرۆسەی پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێش بکەوێت، ئەزموونی تەکنیکی بهێنرێتە وڵات و پەرە بە سامانی مرۆیی بدرێت و دەرفەتی کاریش بۆ عێراقییەکان بڕەخسێت، لە رێگەی هاندانی وەبەرهێنان و پشتوانیکردن لە پرۆسەی دامەزراندنی پڕۆژەکای وەبەرهێنان لە عێراق و فراوانکردن و پەرەپێدانیان.
دووەم: مادەی (16/ دووەم) لە یاسای بودجەی گشتیی دەسەڵاتی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بنەمای پێشنیازی وەزیر یان سەرۆکی ئەو دەستە و شوێنانەی سەر بە وەزارەتەکان نین مۆڵەتی پێنج ساڵی بداتە فەرمانبەران بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی کە پۆستیان نییە بە مووچەی بنەڕەتی یان راسپاردنی بۆ بەڕێوەبردنی فەرمانگەیەک کە هاوتای پلەکەی بێت یان خانەنشینی بکات، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران دەستەواژەی (لەسەر بنەمای داواکاری خۆی) بۆ زیادکردووە، ئەمەش گرفت و کۆتووبەند و پشێوی دروست دەکات.
سێیەم: مادەی ( 20/شەشەم) لە یاسای بودجە دەسەڵاتی داوەتە لیژنە لاوەکییەکان کە بڕیار بەرزبکەنەوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵ، بەشێوەیەک لە 50 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، بەڵام حکومەت هەوڵدەدات چاودێری تووندی هەبێت بەسەر دارایی گشتیەوە لە رێگەی لیژنەکان و رادەستی و دروستی خەرجکردنی پارەکان و زۆرجار یاری پێوەکراوە.
چوارەم: ئەنجوومەنی نوێنەران لە مادەکانی (28/ چوارەم/ ئەلف و با) و مادەی (57/ یەکەم/ جیم) سەپاندوویەتی کە یەک لە هەزار (0.1٪)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەموو وەزارەتەکان و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و خانەنشینان ببڕدرێت، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتە لە سوککردنی باری سەرشانی کارمەندانی دەوڵەت و خانەنشینان، بەتایبەتی حکومەت دەیەوێت پێداچوونەوە بە مووچە و دەرماڵەی هەموو فەرمانبەران بکات.
پێنجەم: ئەنجوومەنی نوێنەران لە مادەی(65/ دووەم) دەسەڵاتی داوەتە ئەنجوومەنی زانکۆکان گرێبەست لەگەڵ کەرتی تایبەت بکەن بۆ بەشداریکردن لە بواری دروستکردنی نەخۆشخانەی فێرکاری و تاقیگەی راوێژکاری و کارگەی بەرهەمهێنانی زانستی و وەبەرهێنانی کشتوکاڵی کە ئەمەش پێچەوانەی پرۆژەی حکومەتە، کە رەوانەی پەرلەمانی کردووە.
شەشەم: ئەنجوومەنی وەزیران لە هەردوو مادەی (62/ چوارەم، 63/ سێیەم) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بەبێ هەڵوەستەکردن لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران هەڵاوێردنی داوەتە خۆی بۆ راگرتنی دامەزراندن کە تێیدا لە دەقێکدا ئاماژە بە دامەزراندنی 150 گرێبەست دەکات بە هەڵاوێردن لە مادەی ( 14/ چوارەم/ ئەلف) لە یاسای بودجەدا.
حەوتەم: ئەنجوومەنی نوێنەران بڕگەی (دووەم)ی لە مادەی (70) زیاد کردووە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمەش پێچەوانەی مادەی (62/ دووەم)ە، لە رێگەی زیادکردنی بڕی خەرجی دیاریکراو کە لە پرۆژەی حکومەتدا هاتووە.
هەشتەم: مادەی (71) زیادکراوە لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بەبێ ئەوەی لە پرۆژەی حکومی هەبێت کە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە کە تێیدا حکومەت پابەند دەکرێت بەڕێوەبردنی سەرجەم دام و دەزگاکان بە وەکالەت کۆتایی پێبهێنێت تاوەکو 30-11-2023 ، ئەمەش دەستوەردانە لە ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پێشلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە، کە لە مادەی 47ی دەستووردا هاتووە، ئەمە کاری دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، نەک دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران.
نۆیەم: مادەی 72ی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی رێگەی داوە بە وەزارەتی داد 2٪ قەرزەکانی لای خاوەن قەرزەکان بۆ خۆی وەربگرێت کە تێیدا 80٪ی وەک دەرماڵە بداتە فەرمانبەرەکانی وەزارەت و 20٪شی بۆ پێداویستی فەرمانگەکانی وەزارەتەکەی خەرج بکات. ئەمەش پێچەوانەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانە و پێشلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە.
دەیەم: مادەی 75 بەئەنقەست لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی پشتی بە رێککەوتی 31-12-2019 بەستووە لە بری 02-10-2019 ئەمەش سووڕخواردنەوەیە لە پرۆژەی حکومی دا لەبارەی راگرتنی گرێبەست و دامەزراندن، لەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 315ی ساڵی 2019 دەیانگرێتەوە، ئەمە وادەکات خەرجییە گشتییەکان زیاتر بێت کە ئەمەش پێچەوانەی مادەی (62/ دووەم) ی دەستووری عێراقە و بارگرانی دارایی دەخاتە سەر گەنجینەی گشتی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە دادگەی باڵای فیدراڵی کردووە فەرمانێکی وەلائی دەربکات تاوەکو کارکردن بەو مادانەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی رابگیرێت، پاڵپشت بە هەردوو مادەی 151 و 152 لە یاسای مورافەعاتی مەدەنی ژمارە 83ی ساڵی 1969 و مادەی 39 لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە 1ی ساڵی 2022 تاوەکو ئەو سکاڵایە یەکلادەبێتەوە.