وەزارەتی گەیاندنی عێراق: بڕیاری قەدەخەکردنی ئەپلیکەیشنی تەلەگرام هەڵدەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەیاندنی عێراق دەڵێت، لە سبەینێ یەکشەممەوە بڕیاری قەدەخەکردنی بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنی تەلەگرام هەڵدەگیرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 12-08-2023، وەزارەتی گەیاندنی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕیارە لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، ئەوەش دوای رازیبوونی کۆمپانیاکە بە ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی کە لەپشت دزەپێکردنی زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتییان بوون و پێشاندانی ئامادەیی تەواو بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دانانی کەناڵی فەرمیی تایبەت بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ عێراق.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی گەیاندن دووپاتیدەکاتەوە کە دژی ئازادیی رادەربڕین نییە، بەڵکو جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوونی کۆمپانیای خاوەنداری ئەپەکان دەکاتەوە بە رێزگرتن لە یاسا و ئاسایشی وڵات و داتای بەکارهێنەرەکانی."
یەکشەممە، 6ـى ئابی 2023، وەزارەتی گەیاندنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاکان و پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانییەوە، بڕیاریان دا بە بلۆککردنی تەلەگرام، چونکە لەو رێگەیەوە زانیاری و داتا کەسییەکانی هاووڵاتییان دزەی پێکراوە و پێچەوانەی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەپلیکەیشنەکەدا کراوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت چەندینجار داوایان لە ئیدارەی تەلەگرام کردووە کە هاوکاربن لە داخستنی ئەو شوێنانەی هۆکارن بۆ دزەپێکردنی داتا و زانیارییەکانی دامودەزگا فەرمییەکان و زانیاریی کەسیی هاووڵاتییان، بەشێوەیەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئاشتیی کۆمەڵگە دروستکردووە.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن بەکارهێنەرى تۆڕى کۆمەڵایەتى تەلەگرام هەن کە بە پلەى دووەم دێت لە رووى بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەعێراق لەدواى فەیسبووک، کە 18 ملیۆن بەشداربووى لە عێراق هەن.