لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە دیوانیە 8 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی عەفەک لە پارێزگای دیوانییە، 8 کەس گیانیان لەدەستدا. دوو لەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا کوڕی کەریم محەممەداوی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقن.
محەممەد غانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری لێکسس و پاسێکدا روویدا."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لەبارەی رووداوەکە گوتی: "بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلە لێکسسەکە کە کوڕەکانی پەرلەمانتارەکەی تێدابووە، بەهۆی تەقینی یەکێک لە تایەکانییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و پەڕیوەتەوە سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە پاسەکەدا."
بە گوتەی محەممەد غانمی، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا هەرسێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلە لێکسسەکە، کە دووانیان کوڕەکانی کەریم محەممەداوین، لەگەڵ پێنج سەرنشینی پاسەکە گیانیان لەدەستداوە.