لیژنەی زیارەتە ملیۆنییەکانی عێراق: هێلیکۆپتەرێکی سەربازی لە کەربەلا خۆی لە ئۆتۆمبێلێک دا


رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای ئەمنیی زیارەتە ملیۆنییەکانی عێراق رایگەیاند، یەکێک لەو هێلیکۆپتەرانەی بۆ پاراستنی ئاسایشی زیارەتکاران لە شاری کەربەلا ئەرکی پێ سپێردرابوو، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بەناچاری نیشتەوە و خۆی لە ئۆتۆمبێلێک دا. 
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی لیژنەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان لەکاتی فڕیندا تووشی کێشەیەکی تەکنیکی بوو و فڕۆکەوانەکەی ناچار بوو بەپەلە بینیشێنێتەوە."
 
گوتەبێژی لیژنەکە کە هاوکات بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، گوتی: "لەکاتی نیشتنەوەکەدا هێلیکۆپتەرەکە خۆی لە ئۆتۆمبێلێک دا و زیانی پێگەیاند."
 
میقداد میری گوتی: "رووداوەکە تەنیا زیانی مادی هەبوو کە بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوت."
 
هێلیکۆپتەرەکە لە گەراجی سەید جودەت لە کەربەلا نیشتووەتەوە.