دادگەی فیدراڵی سکاڵاکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دواخست


رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەو سکاڵایانەى دواخست کە لە دژى هەردوو یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان تۆمار کرابوون.
 
رۆژی سێشەممە، 12-09-2023، دادگەی باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکى کرد کە دووانیان لەدژى چەند بڕگەیەکى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و سکاڵایەکى دیکەش لە دژى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان تۆمار کرابوون.
 
ئامانج شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە یەکێکە لە سکاڵاکارەکان، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاری دا سەرجەم سکاڵاکان لەدژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان بۆ 24ـى ئەیلوول دوابخرێت.
 
ئامانج شەمعون گوتى، "هەندێک لەو سکاڵایانە یەکخراون و هۆکارى دواخستنەکەشیان پێ رانەگەیاندووین". 
 
یەکێک لەو سکاڵایانە، لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمارکراوە و داوا دەکەن دادگەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مادەی دووی یاسای ژمارە 2ـی هەموواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە سێی ساڵی 2009 بدات و ئەنجوومەنەکان هەڵبوەشێنێتەوە.
 
سکاڵایەکی دیکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە و داوا دەکەن دادگەکە بڕیار بە نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەربکات، کە تایبەتن بە کۆتاى پێکهاتەکان و بازنەى هەڵبژاردنەکان.