هەڵبژاردنی پەرلەمان؛ پارێزگاری پێشووی نەینەوا گەڕێندرایەوە، کۆمیسیۆن بڕیاری دا سکاڵای نەناسراو رەتبکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری پێشوو و جێگری ئێستای پارێزگاری نەینەوا، گەڕێندرانەوە بۆ بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و 16 بەربژێری دیکەش بە تۆمەتی "بەعسیبوون" دوورخرانەوە. کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بڕیاری دا هەر سکاڵایەکی پێبگات کە سکاڵاکارەکەی نادیاربێت، رەتی بکاتەوە.
 
ئەو هەنگاوانە بەشێک بوون لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە لە رۆژانی 10 و 11ی ئەیلوول دەریکردبوون.
 
پارێزگاری پێشووی نەینەوا گەڕێندرایەوە
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەسەر بنەمای راسپاردەی لیژنەی وردبینی لە سیاسیی بەربژێران، بڕیاری دا پێنج بەربژێر بگەڕێنێتەوە کە پێشتر دوور خرابوونەوە.
 
یەکێک لەو بەربژێرانەی گەڕێنراونەتەوە نەجم جبووری، پارێزگاری پێشووی نەینەوا بوو، کە لە 10ی ئاب دوورخرابووەوە.
 
هەر بەپێی ئەو بڕیارە، سیروان رۆژبەیانی، بەربژێری لیستى پارتی دیموکراتى کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، گەڕێندرایەوە بۆ بەربژێری، دوای ئەوەی لە 11ی ئاب دوورخرابووەوە.
 
سیروان رۆژبەیانی، ئێستا جێگری پارێزگاری نەینەوایە، دوای بڕیاری دوورخستنەوەی، لە 3ی ئەیلوول بڕیاری دا، کە لە بەربژێرى بکشێتەوە.
 
16 بەربژێر دوای تانەدان لە "بەعسیبوونیان" گەڕانەوە
 
دوو بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەتە بە گەڕانەوەی 16 بەربژێر، کە لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری دوورخرابوونەوە، گوایە پێشتر بەعسیبوونە.
 
بە گوێرەی بڕیارەکە، ئەو 8 کەسەی تانەیان لە بڕیاری دوورخستنەوەیان دابوو و تانەکانیان قبووڵ کراوە، گەڕێندراونەتەوە.
 
تاوەکو 9ی ئەیلوولی 2025 ژمارەی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە دوورخراونەتەوە گەیشتە 788 کەس. 53 بەربژێری دوورخراوە لەدوای تانەدان گەڕێندراونەتەوە.
 
سکاڵای نادیار رەتدەکرێتەوە
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا هەر سکاڵایەکیان لەبارەی بانگەشە و هەڵبژاردنەوە پێبگات، کە سکاڵاکەی نادیار بێت، رەت بکرێتەوە.
 
محەممەد یونس، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە سکاڵاکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی بۆ کۆمیسیۆن دەنێردرێن و ناسنامەی سکاڵاکارەکە نەناسراوە، بۆیە بڕیاری دا ئەو جۆرە سکاڵایانە راستەوخۆ رەت بکرێنەوە."
 
رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ وەرگرتنی سکاڵا لە دژی بەربژێران بەر لە دەستپێکی بانگەشە و دواتریش بەردەوام دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
 
پارەی نەدا و دوورخرایەوە
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دوورخستنەوەی عەباس علێوی وائیلی داوە، کە بەربژێری پارتی عومران بووە لە سنووری پارێزگای نەجەف.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە ئەو بەربژێرە پارەى رسوماتى پرۆسەکانی وردبینی لە شیاوی بەربژێربوونی بۆ هەڵبژاردن نەداوە.
 
رێنوێنییەکانی خۆبەربژێرکردن و تۆمارکردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 470 هەزار دیناری دیاریکردووە کە پێویستە بەربژێر بیدات بۆ وردبینی لە دۆسیەکەی.