ئەو پیاوەى لە نەجەف مێرمنداڵێکی سەربڕى بە لەسێدارەدان سزادرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکى نەجەف سزاى لەسێدارەدانى لە دژى تۆمەتبارێک دەرکرد، کە لە یەکێک لە بازاڕەکانى ئەو شارە مێرمنداڵێکى 13 ساڵانى سەربڕیبوو.
 
رۆژی 11ى تشرینى یەکەمى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکردا ئاشکرای کرد، دادگەى تاوانەکانى نەجەف سزاى ئەو تۆمەتبارەى دەرکردووە. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، تۆمەتبارەکە چەقۆیەکى لە بازاڕى حەى ئەنسار لە شارى نەجەف کڕیوە و بە بەرچاوى خەڵکەوە ئەو مێرمنداڵەى پێ سەربڕیوە، کە تەمەنى 13 ساڵان بووە.
 
ئەو رووداوە لە 17ى ئەیلوولى 2023 روویدا، ئەو تۆمەتبارەى سزادراوە بە تاوانى سەربڕینى مێرمنداڵەکە، تەمەنى لە چلەکاندا بووە و لەدواى رووداوەکە لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەستگیرکراوە و رادەستى هێزە ئەمنییەکان کرا.
 
سزادانى ئەو تۆمەتبارە بەگوێرەى خاڵى جیم لە بڕگەى 1ى مادەى 406ى یاساى سزادانى عێراقى بووە، کە تایبەتە بە ئەنجامدانى تاوانى کوشتنى بەمەبەست لەبەر هۆکارى نەشیاو یان کوشتنى بەپارە یان بەکارهێنانى رێگەى "وەحشیگەرانە" بۆ کوشتنەکە، کە سزاکەی لەسێدارەدانە.