باوکێکی عێراقی هەوڵیداوە منداڵەکەی بە 15 هەزار دۆلار و ئایفۆنێک بفرۆشێت
رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق باوکێک هەوڵیداوە منداڵە تەمەن شەش رۆژەکەی بە 15 هەزار دۆلار و ئایفۆنێک بفرۆشێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە هەوڵەکەی پووچەڵکراوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەشی بازرگانیی مرۆڤ لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراوی سەر بە هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، دوای بەدواداچوونی ورد و چڕکردنەوەی هەوڵەکان، پرۆسەی فرۆشتنی منداڵێکی ساوایان لەلایەن باوکیەوە پووچەڵ کردووەتەوە، کە منداڵەکە تەمەنی تەنیا شەش رۆژ بووە و باوکەکە ویستوویەتی بە 15 هەزار دۆلار و مۆبایلێکی جۆری ئایفۆن بیفرۆشێت.
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی هەڵمەتی هەڵکوتانە سەر ئەو شوێنە و دەستگیرکردنی بکەری ئەو کارەی بڵاوکردەوە. دۆسیە بۆ دەستگیرکراوەکە کراوەتەوە و رەوانەی دادگە کراوە، بەڵام زانیاری لەبارەی شوێنی رووداوەکە ئاشکرا نەکردووە.
بەگوێرەى ماددەى 6ى یاساى بنبڕکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2012 پەسندی کردووە، هەر کەسێک بازرگانى بە کەسێکەوە بکات کە تەمەنى کەمتر بێت لە 18 ساڵ، سزاکەى بەندکردنى تاهەتایی دەبێت؛ لەگەڵ پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر و لە 25 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
سەبارەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، روانگەی عێراقی بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەڵێت، "لە ساڵی 2020 تەنیا لە بەغدا 28 تاوانی بازرگانیی بە مرۆڤی تۆمار کردووە، کە بریتی بوون لە بەکارهێنانی منداڵان بۆ سواڵکردن و سێکس و فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیان."