دادگەى فیدراڵى سکاڵاکەى دژی گەڕانەوەى بارەگاى پارتى لە کەرکووک رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى دژ بە بڕیاری گەڕانەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی پارتى لە کەرکووک رەتکردەوە و ئەو فەرمانە کاتییەشی هەڵوەشاندەوە کە پێشتر دەریکردبوو بۆ راگرتنى جێبەجێکردنى بڕیارەکە. ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگە، بڕیارى گەڕانەوەى بارەگاکە دەکەوێتەوە بوارى جێبەجێکردن."
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق رۆژی 11ى تشرینى یەکەم لەبارەى سکاڵای دژى گەڕاندنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کەرکووک، کە لە دادگەکە تۆمارکرا بوو، کۆبووەوە.
بەگوێرەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، ئەو سکاڵایە رەتکراوەتەوە، بەهۆى ئەوەى بەگوێرەى داڕشتەى سکاڵاکە لە تایبەتمەندیی دادگەکەدا نەبووە.
سکاڵاکە لەلایەن وەسفى عاسی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان تۆمار کرابوو و داواى دەکرد، بڕیاڕى ژمارە 843ـی ساڵى 2023ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، کە تێیدا بڕیار دراوە، بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەى رادەستى پارتى دیموکراتى کوردستان بکرێتەوە.
هەروەرها دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاریدا کە فەرمانێکى کاتى خۆى هەڵبوەشێنێتەوە کە پێشتر دەریکردبوو بۆ راگرتنى جێبەجێکردنى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ گەڕانەوەى ئەو بارەگایە، تاوەکو سکاڵاکە یەکلادەکرێتەوە.
رۆژی 3ـی ئەیلوولى 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای وەسفی عاسی فەرمانێکى کاتیی دەرکرد بەوەى تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بابەتە تۆمار کراوە، سەرجەم رێکارەکانی رادەستکردنەوەى بارەگاکە رابگیرێن.
12ى تشرینى یەکەمى 2023، دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى عێراق، لەدواى هەڵوەشاندنەوەى فەرمانى کاتى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ گەڕانەوەى بارەگەکەى پارتى دەچێتەوە بوارى جێبەجێکردن".
دارا سێکانیانى گوتیشى: "ئەو رەتکردنەوەیەى دادگەى فیدراڵى لەبەر ئەوەیە کە ئەو سکاڵایە لە تایبەتمەندیى دادگەکە نییە و ئەو پرسە پەیوەندارە بە دادگەى کارگێڕییەوە."
رۆژی 25ـی ئاب، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانێکى دەرکرد بۆ چۆڵکردنى بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک و رادەستکردنەوەى بە پارتى کە لەدواى رووداوەکانى 16ـی ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017ـەوە بەدەست سوپاى عێراقەوەیە، بەڵام لە 27ـی ئابى 2023، بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک، لە دژى رادەستکردنەوەى بارەگاکە، رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست.
رۆژی 2ـی ئەیلوول ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک لەدژى داخستن ئەو رێگەیە خۆپێشاندانیان کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە تەقە وەڵامیان دانەوە، بەو هۆیەوە چوار خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش برینداربوون.
لە خاڵى 13ـی بڕگەى یەکى لایەنى جێبەجێکردنى کارنامەی حکومەتى عێراقدا هاتووە، هەموو پارتە کوردستانییەکان و پارتەکانى دیکە لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین مافی چالاکى و رێوڕەسمى سیاسی و دەستوورییان هەیە و دەبێت ئەو بارەگایەی ئەو پارتانە چۆڵ بکرێن، کە لایەنى دیکە بەکاریان دەهێنن.