موقتەدا سەدر پەیامێک ئاراستەى پۆلیس و سوپای عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێبەرى رەوتى سەدر داوا لە سوپا و پۆلیسی عێراق دەکات ئامادەى خۆپێشاندانى رۆژى هەینى بن بۆ پاڵپشتیکردنى فەلەستین و خۆپێشاندانەکەش بپارێزن.
12ى تشرینى یەکەمى 2023، ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى سەدر، پەیامێکى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدرى بڵاوکردەوە کە تێیدا داوادەکات بە تەنیا پۆلیس و سوپا بەشداربن لەو خۆپێشاندانەى کە بڕیارە هەینى 13ى تشرینى یەکەم لە بەغدا بکرێت بۆ پاڵپشتیکردنى فەلەستین و داوایان لێدەکات خۆپێشاندانەکە بپارێزن.
هەروەها موقتەدا سەدر داوا لە سەرۆک خێڵ و مامۆستایانى زانکۆ و خوێندکارانى کوڕ و کچى زانکۆکان دەکات بەشداربن لەو خۆپێشادانەدا و دەڵێت: "دۆزى فەلەستین، بۆ هەمووان گرنگە".
9ـی تشرینى دووەمى 2023، موقتەدا سەدر، لە پەیامێکیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بانگەوازێکى بڵاوکردەوە بۆ خۆپێشاندانەکە لە دواى نوێژى هەینیی، 13ـی تشرینى یەکەم لە گۆڕەپانى تەحریر لە بەغدا و خۆپێشاندانەکەى بە ملیۆنى ناوبردووە و داواشی کرد هاوڵاتیانى سەرجەم پارێزگاکان بەشدارى تێدا بکەن.
ماوەى سێ رۆژە سوپاى ئیسرائیل گەمارۆى خستووەتە سەر شارى غەززە و چەند پێگەیەکى لەو شارە بۆردومانکردووە، ئەوەش لەدواى ئەوەى لە 7ى تشرینى یەکەم بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، هێرشیکردە ناوچەکانى پشتێنەى غەززە کە لەژێر دەسەڵاتى ئیسرائیلدایە.