کۆمیسیۆن بۆ رووداو: هێشتا 2.2 ملیۆن کارتی دەنگدان ماون دابەش بکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نزیکەی یەک ملیۆن و 200 کارتی نوێی بایۆمەتریی دەنگدانی دابەشکردووە، زۆرترین لە پارێزگای دهۆکە و هێشتا زیاتر لە 2.2 ملیۆن کارتیش ماون دابەش بکرێن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 12-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمیسیۆن لە دەستپێکی پڕۆسەی دابەشکردنی کارتەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کارتی نوێی بایۆمەتریی دەنگدانی دابەشکردووە."
 
گوتیشی، "کۆی گشتیی ئەو کارتانەی بڕیارە دابەشبکرێن، سێ ملیۆن و 583 هەزار و 774 کارتن، لە هەزار و 79 بنکەی تۆمارکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێن، تاوەکو ئێستا بەگشتی 33.3%ی کارتە نوێیەکان دابەشکراون و نزیکەی دوو ملیۆن و 240  ماون دابەش نەکراون، نزیکەی  140 هەزار کارتی دیکەش چاپ دەکرێن."
 
بە گوتەی جومانە غەلای، "زۆرترین دابەشکردن لە پارێزگای دهۆکە بە رێژەی 54.8%، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا بە 44%ـە، لە ئەنباریش 40.5%ە، کەرکووک 40%، سلێمانی 38.3% و هەولێر 38%. کەمترین رێژەی دابەشکردنی کارتی دەنگدانیش لە پارێزگای نەجەفە کە 20.9%یە." هەرچی بەغدایە، بەری رەسافە 31% و بەری کەرخ 26.5%ی کارتەکانیان دابەشکراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام 7 ملیۆن و 600 هەزار کەسیان بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدانەوە ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.
 
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. کۆمیسیۆن ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە، کە بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق رکابەری دەکەن.