کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رایدەگەیێنێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیێنێت.
عەباس فەتلاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 12-11-2025 بە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی یاسا، دوای 24 کاژێر لە دەنگدانی گشتی و داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران باسی دەنگی پووچەڵی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئاماری دەنگی پووچەڵ تاوەکو ئێستا بە تەواوی روون نەبووەتەوە، دوای گەیشتنی دەنگی هەموو وێستگەکان و هاوتاکردنیان، دەردەکەوێت.
فەتلاوی گوتیشی، "سکاڵا زۆر کەمن بەراورد بە پرۆسەی هەڵبژاردن. رێژەی بەشداری هەڵبژاردن کە بڵاوکراوەتەوە راست و دروستە، لەسەر بنەمای ئەو ئامارە ئەلیکترۆنییانە بووە، کە ئامێرەکان دەریان کردوون."
هەر ئەمڕۆ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "39 سکاڵا لە دەنگدانی گشتی و تایبەت تۆمار کراون."
رۆژی سێشەممە دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئاماری کۆمیسیۆن لە کۆی زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر، 12 ملیۆن و 3 هەزار و 143 دەنگدەر دەنگیان داوە.