خۆپیشاندەرانی بەغدا تەقەکەرێک دەکوژن و هەڵیدەواسن

رووداو - هەولێر 

خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی وەسبەی شاری بەغدا تەقەکەرێک دەکوژن و بە ستوونی ترافیکلایتەوە هەڵیدەواسن، خۆپیشاندەرێکیش بۆ رووداو دەڵێت، دوای ئەشکەنجەدان تەقەکەرەکەیان کوشتووە.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا سەردانی شوێنەکەی کردووە و دەڵێت، لە گۆڕەپانی وەسبە کەسێک لە سەربانی ماڵەکەیەوە تەقەی لە خۆپیشاندەران کردووە و دواتر خۆپیشاندەران هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی و دەستگیریدەکەن، دەیکوژن و پاشان لە مەیدانەکە تەرمەکەی بە ترافیکلایتەوە هەڵدەواسن.
 
خۆپیشاندەرێک باسی چۆنییەتی رووداوەکە دەکات و بۆ رووداو دەڵێت "ئێمە لەبەرئەوە هەڵمانواسی چونکە تەقەی لە خۆپیشاندەران کردووە، ئەو خەڵکی کوشت. دیاربوو کە ئەو ماددەی هۆشبەری خواردبوو. ئێمە 12 کەسمان لێکوژرا. لەبەرئەوە ئەو بە سزای خۆی گەیشت و تۆڵەی خوێنی رژاوی ئەوانمان کردەوە".

 

 
ئەو خۆپیشاندەرە ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەربانەوە تەقەیان لێکراوە و دەڵێت "ئەو ئەفسەر نییە و سەر بە لایەنە ئەمنییەکانیش نییە. ئەو تەقەی لە ئێمە کرد، لەبەرئەوە هەر کەسێک بێتە ئەم گۆڕەپانە و هەڕەشە بکات ئێمە هەڵیدەواسین و دەیکوژین".
 
ڤیدیۆی ئەو کەسە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 12-12-2019) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و بەپێی ئەوەی لە میدیا عێراقییەکان باسی دەکرێت "هەشت خۆپیشاندەری کوشتووە کە لەنێویاندا ژن و منداڵێک هەن". دواتر ئەو کەسە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەستگیرکراوە و لە گۆڕەپانی وەسبە بە ترافیک لایتەوە هەڵواسراوە.
 
پەیجی محەممەد عێراقی کە نزیکە لە موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر رایگەیاندووە ''ئەگەر لەماوەی 48 کاژێردا ئەنجامدەرانی ئەو کارە تیرۆریستییە نەدۆزرێنەوە و ئاشکرانەکرێن ئەوا لەسەر کڵاوشینەکان پێویستە لە گۆڕەپانی خۆپیشاندەرانی بەغدا بکشێنەوە''.
 
لای خۆیەوە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهللحەق رایگەیاندووە ''خۆپیشاندەران یەکێک لە دزەکارانیان بۆ نێو خۆپیشاندەران لە ستوونێکی شاری بەغدا هەڵواسیوە". خەزعەلی دەپرسێت "هەتاکەی پشێوی و نەبوونی یاسا و لاوازی دەزگا ئەمنییەکان و بڵابوونەوەی چەک و میلیشیاکان بەردەوام دەبێت؟"