وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران لەگەڵ ئاوارەی کەمپەکانى سلێمانى کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە شاندێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لەگەڵ ئاوارەی کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى کۆببێتەوە. یەکخستنى کەمپەکان و دابینکردنى پێداویستییەکانیان لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێ دەکرێن.
 
رۆژی 12ى کانوونى یەکەمى 2022، عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەفتەى داهاتوو شاندێکى وەزارەتەکەیان لەگەڵ نوێنەرانى ئیدارەى پارێزگاى سلێمانى و ئاوارەکان لەو شارەدا کۆدەبێتەوە.
 
عەلى حیهانگیر گوتى: "ئامانجى کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنى بڕیارى تێکەڵکردنى کەمپى ئاوارەکان و پێشکێشکردنى خزمەتگوزارییە بەو کەمپانە." 
 
بەگوێرەى رێککەوتنێکى نێوان وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق و وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، کەمپى ئاوارەکانی پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق لە هەرێمى کوردستان تێکەڵ دەکرێن.
 
لە هەرێمى کوردستان 15 کەمپى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان هەن، شەشیان لە هەولێر و چواریان لە سلێمانى و پێنجەکەى دیکە لە دهۆکن، بەگوێرەى رێککەوتنەکە لە چوار کەمپى ئاوارەکانى سلێمانى دووانییان دەمێننەوە و لەو شەش کەمپەى لە هەولێرن، چواریان دەمێننەوە، بەڵام کەمپى ئاوارەکان لە پارێزگاى دهۆک تێکەڵ ناکرێن. 
 
ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ 12ى کانوونى یەکەمى 2022، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، 59 خێزانى خەڵکى پارێزگاى سەلاحەدین لە کەمپى ئاشتى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى گەڕێندراونەتەوە زێدى خۆیان و گەڕانەوەکە خۆویستانە بووە.