کەسێکى 'سەرخۆش' بە چەقۆوە هەڵدەکوتێتە سەر قوتابخانەیەکی زیقار


رووداو دیجیتاڵ 

کەسێکى "سەرخۆش" بە چەقۆوە هەڵدەکوتێتە سەر قوتابخانەیەکى ئێوارانى کوڕان لە شارى ناسرییەى ناوەندى پارێزگاى زیقار و داواى قوتابییەک دەکات کە پێشتر کێشەى لەگەڵدا هەبووە، پێش ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیربکرێت، گرتەى ڤیدیۆیى ئەو هێرشبەرە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بڵاوبووەتەوە.  
 
بەگوێرەى گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، کەسێک هەڵدەکوتێتە سەر قوتابخانەیەک و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەورەدەدرێت و دواتر دەستگیر دەکرێت.
 
حەسەن هادى، مامۆستا لە شارى ناسرییە بە رووداوى راگەیاند، رووداوەکە ئێوارەى 11ى کانوونى یەکەمى 2022 لە قوتابخانەیەکى ناوەندیی ئێوارانى کوڕان روویداوە کە دەکەوێتەوە ناوەندى شارى ناسرییە و لەسەر شەقامى جمهورییە کە شەقامێکى سەرەکییە.
 
حەسەن هادى گوتى: "ئەو کەسە سەرخۆش بووە، کێشەى پێشترى لەگەڵ یەکێک لە قوتابییەکاندا هەبووە، بە دەنگى بەرز گوتوویەتى فڵان کەسم بۆ بێننەدەر." 
 
بە گوتەى ئەو مامۆستایە، یەکەیەکى پۆلیس کە لە نزیک قوتابخانەکە بوون ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە چەقۆیەکى بەدەستەوە بووە و ئێستا لە گرتووخانەیە.