دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک دواخرا


رووداو دیجیتاڵ    

 

کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. پەرلەمانتارێکی سوننە دەڵێت، "هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان."
 
فەرمانگەی میدیای پەرلەمانی عێراق، شەوی سێشەممە 12-12-2023  لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی سەرقاڵبوونی پەرلەمانتاران بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئامادەنەبوونی زۆربەی  فراکسیۆنەکان لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەدا، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ  کاتێکی نادیار دوابخرێت. 
 
محەممەد قوتەیبە ساڵح بەیاتی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سیادە بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، سێشەممە 12-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا لایەنە سوننەکان لەسەر بەربژێرێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون، ئەگەر کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان بکرایە، بەشدارییان نەدەکرد و بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان دەکرد."
 
محەممەد بەیاتی بە دووری دەزانێت لایەنە شیعەکان بەبێ ئەوان، بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان و گوتیشی، "هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان". 
 
رۆژی 12-12-2023، محەممەد خالیدی، ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیری عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوە کەسەی دەستنیشان دەکرێت بۆ سەرۆکی پەرلەمان، دەبێت کۆدەنگی هێزەکانی سوننە، کورد و شیعەی لەسەر بێت.
 
رۆژی 11-12-2023، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە، کە تەنیا یەک بڕگەی لەخۆدەگرت ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بوو بۆ پەرلەمان.
 
ئەو کەسەی دەبێتە جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق، دەبێت لە پێکهاتەی سوننە بێت، هەرچەندە فراکسیۆن و پارتە سوننەکان خۆیان لەسەر یەک بەربژێر یەکدەنگ نین، لایەنەکانی شیعەش لەسەر بەربژێرێک یەکڕانین، کوردیش لەو نێوانەدا هاوشێوەی ئەوان دابەشبووە و یەک بۆچوون نییە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەر یەک لە موسەننا سامەڕایی، سالم عیساوی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی، زیاد جەنابی، شەعلان کەریم، عەبدولکەریم عەبتان، موزاحیم خەیات بەنیازن خۆیان بەربژێر بکەن. چەند ناوێکی دیکەش هەن، بەڵام چانسی بوونیان بە سەرۆکی پەرلەمان کەمترە.
 
بەپێی پرەنسیپی "سازان، هاوسەنگی و هاوبەشی"، کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ پێکهێنانی کابینەکانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی حکومەت بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەکانە.
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە. حەلبووسی سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.