لە بەغدا باندێک بە بەڵگەنامەى ساختە زیاتر لە 100 موڵکیان فرۆشتووە

رووداو دیجیتاڵ 

باندێکی 17 کەسیی ساختەکار لە بەغدا دەستگیرکران کە بەڵگەنامەى زیاتر لە 100 موڵکى حکومى و ئەو هاووڵاتییانەیان ساختەکردووە کە لە دەرەوەى وڵاتن و فرۆشتوویانە. فەرمانى دەستگیرکردن بۆ 60 کەسی دیکە دەرکراوە کە ئەو کارەیان کردووە و هەڵاتوون.
 
11ى کانوونى دووەمى 2023، دادگەى لێکۆڵینەوەى ناوەندیى رەسافەى بەغدا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، باندێکی ساختەکردنى بەڵگەنامەى موڵک-یان ئاشکرا کردووە و ئەندامە سەرەکییەکانى  دەستگیر کراون، کە 17 کەس بوون، شەش تۆمەتباریان فەرمانبەربوون لە تۆمارى خانووبەرەى کەرخى یەک، دوو و ئەبوو غرێب لە بەغدا و لەکاتى دەستگیرکردنیان بەڵگەنامەى ساختە و ئەو کەرەستانەیان پێگیراوە کە لە کارى ساختەکارییەکانیاندا بەکاریان هێناوە.
 
ئەو باندە دانیان بەوەدا ناوە کە بەڵگەنامەى زیاتر 100 موڵکیان ساختەکردووە، کە زۆرینەیان حکومى بوون و موڵکى وەزارەتى دارایی و ئەمیندارێتیی بەغدا بوون و بەشێکى دیکەى ئەو موڵکانە خاوەکانیان لە دەرەوەى عێراق بوون.
 
لەدواى ساختەکردنى بەڵگەنامەکان، ئەندامانى ئەو باندە موڵکەکانیان کردووە بە ناوى خۆیان و دواتر بە "بڕە پارەیەکى زۆر" فرۆشتوویانەتەوە بە هاووڵاتییانى دیکە.
 
دادگەى لێکۆڵینەوەى ناوەندیى رەسافە ئاماژەى بەوەداوە، رێگرییان کردووە لە ساختەکردنى بەڵگەنامەى دەیان موڵک و لێکۆڵینەوەشیان لە بارەى کارى دیکەى ساختەکردنى موڵکى دیکە دەستپێکردووە و فەرمانى دەسگیرکردنیشیان لە چوارچێوەى ئەو دۆسیەیە بۆ 60 کەسی دیکە دەرکردووە.
 
ئەو تۆمەتبارانەى دەستگیرکراون، بە گوێرەى مادەى 36ى یاساى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر دەستگیر کراون، کە سزاکەى دەگاتە 15 ساڵ بەندکردن و پێبژاردنێک کە کەمتر نەبێت لەو پارەیەى  لەو رێگەیەوە دەستیان کەوتووە و زیاتریش نەبێت لە پێنج ئەوەندەى پارەکە.