وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رێگری لە بە مەدەنیبوونی کارمەندەکانی پەنا بۆ دادگە دەبات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا لە دژی بڕگەیەکی یاسای دامەزراوەی شەهیدان تۆمار دەکات، کە وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکان ناچار دەکات، رێگە بە کارمەندە سەربازییەکانیان بدات بە ویستی خۆیان ببنە کارمەندی مەدەنی.
 
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق سکاڵاکەی لە دژی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق تۆمار کردووە.
 
 سکاڵاکە لە دژی بڕگەیەکی ماددەی 17ی یاساکەیە، کە هەموار کراوە، تێیدا وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری، دەستەی حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر ناچار دەکات بەوەی ئەو کارمەندانەی کەسوکاری شەهیدن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بەرزترن و کارمەندی سەربازیی ئەو شوێنانەن، ئەگەر داوایان کرد بخرێنە سەر میلاکی مەدەنی. ئەو رێکارە ئەوانەش دەگرێتەوە کە یاسای قەرەبووکردنەوەی کردەوە تیرۆریستییەکان دەیانگرێتەوە.
 
تاریق مەندەلاوی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: رێکارەکان لە دادگە بەڕێوەدەچن و وەک دامەزراوەی شەهیدان بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
 
ئەو بەرپرسەی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق گوتی: "ئەو هەموارە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و وەزارەتی ناوخۆ ترسی ئەوەی هەیە کە کارمەندە سەربازییەکانی دەبنە فەرمانبەری مەدەنی."
 
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمى دیاریکردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایە.