هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چووە گەڕی دووەم
رووداو دیجیتاڵ
جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات، بەڵام هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن و هەڵبژاردن چووە گەڕی دووەم.
لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا 314 کەس دەنگیان دا و شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا؛ بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە سەرۆکی پەرلەمان پێویستی بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانە، واتە لە کۆی 329 دەنگ، دەبێت 166 دەنگ بەدەستبهێنێت.
دەنگەکان لە گەڕی یەکەم لەنێوان رکابەرە دیارەکان بەمشێوەیە بوون:
- شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم: 152 دەنگ
- سالم عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری: 97 دەنگ
- مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم: 48 دەنگ
- عامر عەبدولجەبار شەش دەنگ و تەڵاڵ زوبعی دەنگێکی بەدەستهێنا. هاوکات، 10 دەنگ پووچەڵ بوون.
ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، پێنج بەربژێر دەچنە گەڕی دووەم.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی هەینی، 12-01-2024، پەرلەمانتارانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان کۆبوونەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاریاندا شێخ شەعلان عەبدولجەبار کەریم بەربژێریان بێت.
زرغام مالیکی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر لایەنێک زۆرینەی نێو سوننەکان بێت، پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لەو لایەنە بێت. بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی زۆرینەی کورسییەکانی هەیە. هەربۆیە پێویستە سەرۆکی نوێی پەرلەمان لە هاوپەیمانی تەقەدووم بێت".
بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆچوونی دیکەیان هەیە. سائیر جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی گوت، دەوڵەتی یاسا و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی لە هاوپەیمانیی عەزم دەکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەربگرێت.
ئێستا لەنێو سوننەکان سێ بەربژێر بۆ جێگرتنەوەی محەممەد حەلبووسی هەن کە بریتین لە شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی؛ سالم عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم.