چەند بڕیارێکی نوێی بەغدا؛ لەگەڵ گومرگى هەرێمى کوردستان رێککەوتن بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵی، دەبێت گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی بگەنە رێککەوتن لەبارەی کۆدی سیل بۆ گواستنەوەی کاڵا و بەستنەوەی زانیاریی گومرگیی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو شێوەیەی کە لە دەروازەکانی عێراق پەیڕەو دەکرێت. هەروەها کۆمپانیاکان و کارگەکانی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمەکانیان بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و باشوور دەنێرن، دەبێت ناسنامەی باج و زانیارییەکانیان لە سەکۆی تایبەت بە بەرهەمی خۆماڵیی عێراق تۆمار بکەن.
 
ئەو بڕیارانە لە نووسراوێکی 9 خاڵیی سەلاح حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، کە لە 30ى کانوونى یەکەمى 2025 ئاراستەی وەزارەتەکانی دارایی، ناوخۆ، پیشەسازی و کانزاکان، بانکی ناوەندی، دەستەی دەروازە سنوورییەکان، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و پارێزگای کەرکووک و یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق کراوە.
 
یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە کە گومرگی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە کە رێککەوتنیان لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق تەواو بکەن بۆ ئەوەی پشت بە کۆدى سیل ببەسترێت لە زانیارییە گومرگییەکان لەو دەروازە سنوورییانە حکومەتی فیدراڵی دانی پێدا ناون.
 
سیل، قوفڵێکە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوردە دەکرێن و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە بازگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، پێویستیشە لە ماوەی 72 کاژێر بگەیێندرێنە ئەو بازگانە.
 
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان ئەوەیە کە زانیاریی گومرگی هەر سێ دەروازەی سنووریی پەروێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمەران لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکەوە ببەسترێتەوە، کە ژمارەی کۆدی سیل، شوێنی دەستنیشانکردنی کاڵاکە، پسووڵەی پەسەندکراو و مەنەفێستی تێدابێت، وەک ئەوەی کە دەروازە سنوورییەکانی حکومەتی فیدراڵی کاری پێدەکرێت.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسەکان لەوە ئاگادار بکەنەوە کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان هەموو زانیارییەکی پێویست لە سەکۆی بەرهەمی ناوخۆیی تۆمار بکەن، کە سەر بە حکومەتی فیدراڵییە، لەوانە زانیاری لەبارەی بەرهەمەکانیان و توانای بەرهەمهێنانیان، براندى بازرگانى و ژمارەی باجی خاوەنەکەی.
 
ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت کە کاڵاکانیان بنێرن بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
 
یەکێک لە خاڵەکانی دیکە ئەوەیە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دۆسیەی سەرپەرشتیی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست بۆ بەدواداچوونی تێپەڕینی کاڵای هاوردەکراو و بەرهەمی خۆماڵی کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبرێن.
 
دوو بڕیاری دیکە تایبەتە بە دەروازە سنوورییەکانی نێوان کەرکووک و هەرێمی کوردستان و بڕیاردراوە کە کاری نووسینگەی گومرگی بازگەی دارەمان بگوازرێتەوە بۆ بازگەی پردێ کە لە نێوان هەولێر و کەرکووکدایە، هەروەها نووسینگەی گومرگی بازگەی چیمەن بگوازرێتەوە بۆ قەرەهەنجیر، کە لە نێوان کەرکووک و پارێزگای سلێمانیدایە.
 
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکە تایبەتە بە بازگەی باوە مەحموود لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای دیالە و بڕیاردراوە نووسینگەی گومرگییەکەی بکرێتەوە لە دوای ئەوەی پارێزگای دیالە سەرجەم پێداویستییەکانی و ژێرخانەکەی دەستەبەر دەکات.
 
سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: زیاتر لە 7 مانگە بازگەی باوە مەحموود بەڕووی بازرگانیدا کارەکەی راگیراوە و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی پێیان راگەیاندووین کە لە نێوان هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی داهاتوو دەکرێتەوە.
 
ئەو بڕیارانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بنەماى کۆبوونەوەیەک بووە کە لیژنەکەى حکومەت لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2025 کردوویەتی و راسپاردەی بۆ ئامادە کردووە و دواتر راسپاردەکان پەسند کراون.