وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لەسەر یاریکردن بە نرخی دۆلار 91 کەسمان دەستگیر کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانیان بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی دۆلار، خۆراک و دەرمان 238 کەسیان دەستگیرد.
عەمید میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 13-01-2026 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان 91 کەسیان بە تۆمەتی دەستکاریکردن و یاریکردن بە نرخی دۆلار دەستگیر کردووە."
میقداد میری ئاماژەی بەوەش دا، "هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەکاندا، 147 کەسی دیکە بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی خۆراک و دەرمان دەستگیر کراون. هەروەها بەڵێننامەی نووسراو لە 1330 خاوەن دەرمانخانە، نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو و فرۆشگەی خۆراک وەرگیراوە بۆ ئەوەی پابەندی نرخەکان بن."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، وەزارەتەکەیان گرێبەستی کڕینی 100 راداری جێگیر و گەڕۆکی واژۆ کردووە، بۆ چاودێریکردنی هاتووچۆ لەسەر رێگە دەرەکییەکان.