حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی بانگهێشتی کۆمپانیا راوێژکارییەکان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 13-01-2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا دابەش بکرێت، کۆمپانیا راوێژکارییەکانیش بانگهێشت کران بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ بەنداوی موسڵ و بەنداوی بادووش لە پارێزگای نەینەوا.
 
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر رێکارەکانی زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێکردن" بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزارەتەکانی دارایی و ئاوەدانکردنەوە بۆ دیاریکردنی 5000 دۆنم زەوی، بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا.
 
لێخۆشبوون لە قەرزی شەهیدان و برینداران
 
نووسینگەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە دەکات، "لەپێناو پاڵپشتیکردنی قوربانیانی شەڕ و تیرۆر، حکومەت بڕیاریدا بە سڕینەوەی تەواوی ئەو قەرزە حکومییانەی لەسەر شەهیدان و ئەو بریندارانەن رێژەی پەککەوتنیان 75% یان زیاترە، هەروەها بڕیاردرا بە خۆشبوونی 50%ی قەرزەکانی سەر برینداران و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی دیکە یاسای قەرەبووکردنەوە دەیانگرێتەوە."
 
رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و بەنداوی موسڵ
 
لە کەرتی ئاودێریدا، حکومەتی عێراق رەزامەندی دا لەسەر دابینکردنی 119 پەمپی ئاوی کارەبایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی. هەروەها بڕیاردرا بە بانگهێشتکردنی کۆمپانیا راوێژکارییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ بەنداوی موسڵ و بەنداوی بادووش لە پارێزگای نەینەوا.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەروەها رەزامەندی دا لەسەر گۆڕینی پردی دەروازەی قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، کە بەهۆی لافاوەوە زیانی پێگەیشتبوو؛ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ڕاسپارد پڕۆژەکە جێبەجێ بکات.