ئێران، عێراق لە خۆپێشاندانەکان ئاگادار دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دەرەوەی عێراقی لە پێشهاتەکانی نێو وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە، لەنێویاندا ئەو خۆپێشاندانانەی کە چەند شارێکی ئەو وڵاتەیان گرتووەتەوە.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی سێشەممە 13-01-2026، لە بەغدا لەگەڵ وەحید جەلالزادە، یاریدەدەری وەزیری دەرەرەوەی ئێران بۆ کاروباری کۆنسوڵخانە و پەرلەمان، پرسی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی خۆپێشاندانەکانی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و جەختیان لە گرنگیی گەشەپێدان و پتەوکردنی بوارەکانی هاوکاریی هاوبەش کردەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێزتر بکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا پێویستیی کاراکردنەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئێران بۆ کاروباری کونسوڵگەری و ئامادەکارییان بۆ بەستنی کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکە لە بەغدای پایتەخت تاوتوێکرد، بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسە کونسوڵگەرییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ کاروباری هاووڵاتییانی هەردوو وڵات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شاندی ئێرانی، فوئاد حوسێن-یان لە دوایین پێشهاتەکانی نێو کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاگادار کردووەتەوە، لەنێویاندا ئەو خۆپێشاندانانەی کە چەند شارێکی ئەو وڵاتەیان گرتەوە. هەروەها جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگییەکان بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیریی هەرێمی کردووەتەوە.
 
ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 28-12-2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد، پێی ناوەتە 17ـیەمین رۆژەوە و زۆربەی پارێزگاکانی گرتووەتەوە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR) تاوەکو رۆژی دووشەممە 648 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام حکومەتی ئێران تەنیا کوژرانی 111 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە.