پار 862 بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کراون؛ سلێمانی دووەمە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاشکرای دەکات، ساڵی رابردوو زیاتر لە 800 بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کراون؛ پارێزگای دیالە پشکی شێری بەرکەوتووە و لە هەرێمی کوردستانیش سلێمانی لە پلەی یەکەم دێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 13-01-2026، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاماری ساڵی 2025ی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، پار کۆی گشتیی 862 بوومەلەرزە تۆمار کراون؛ لەو ژمارەیە 463ـیان سەرچاوەکەیان نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە و 399ـیان پاشلەرزە بوون و سەرچاوەکەیان وڵاتانی دراوسێ بووە.
بەپێی داتاکانی دەستەکە، زۆرترین ئەو بوومەلەرزانەی سەرچاوەی دەرەکییان هەبووە، لە ئێرانەوە بوون کە 255 پاشلەرزە بووە، دوای ئەویش تورکیا دێت بە 127 جار. هەروەها 12 جار لە سووریا، 4 جار لە کوێت و یەک جاریش لە سعودیە بوومەلەرزە روویداوە کە کاریگەرییان لەسەر عێراق هەبووە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکان، دیالە بە تۆمارکردنی 255 بوومەلەرزە لە پلەی یەکەم دێت. لەدوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێت کە 144 بوومەلەرزەی تێدا تۆمار کراوە.
ئاماری پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
هەولێر: 34 بوومەلەرزە
دهۆک: 29 بوومەلەرزە
کەرکووک: 16 بوومەلەرزە
بەگوێرەی ئامارەکە، ساڵی رابردوو هەریەک لە بەغدا و ئەنبار تەنیا یەک جار بوومەلەرزە لێی داون.
دەستەی کەشناسی دەڵێت، 437 بوومەلەرزەیان گوڕەکەیان لەنێوان 2 بۆ 2.9 پلەی رێختەر بووە؛ تەنیا سێ بوومەلەرزە گوڕەکەیان گەیشتووەتە 5 بۆ 5.9 پلەی رێختەر.
زۆرترین بوومەلەرزە لە مانگی تشرینی دووەمی 2025 بووە (188 جار) و کەمترینیش لە مانگی کانوونی یەکەم بووە (38 جار).
بەراورد بە ساڵانی رابردوو (لە 2006ـەوە تاوەکو 2025)، ساڵی 2018 زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە کە 1599 جار بووە، کەمترینیش ساڵی 2022 بووە کە 302 بوومەلەرزە تۆمار کراون.