مالیکی و سوودانی هەوڵی پێکهێنانی فراکسیۆنێک دەدەن؛ پێکەوە دەبنە خاوەنی 85 کورسی
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هەنگاو بەرەو پێکهێنانی فراکسیۆنێکی هاوبەشی پەرلەمانی دەنێن. پەرلەمانتارێک دەڵێت، ژمارەی کورسییەکانیان دەگاتە 85 کورسی و لیژنەیەکیش بۆ رێکخستنی کارەکانیان پێکهێنراوە.
دوا بەدوای لێکنزیکبوونەوەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، هەردوولا بڕیاریانداوە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا لە چوارچێوەی یەک فراکسیۆندا کار بکەن.
ئەحمەد دەلفی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 11-01-2026 هەردوولا کۆبوونەتەوە و تاوتوێى پێکهێنانی لیژنەیەکیان کردووە تاوەکو رێککەوتن بکەن یان "وەک رێکاری یەکەم بۆ یەکگرتنیان، کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک و فراکسیۆنێکی هاوبەش بکەن."
لێکنزیکبوونەوەی ئەو دوو سەرکردەیە دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی 09-01-2026، محەممەد شیاع سوودانی سازشی لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کرد بۆ بەرژەوەندیی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.
فیراس مەسلەماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە رووداوی راگەیاند: "لێکتێگەیشتنی دووقۆڵیمان هەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ لیژنەیەکی هاوئاهەنگیی پەرلەمانییمان پێکهێناوە بۆ رێکخستنی هەڵوێستەکانمان لە ناو پەرلەمان."
لە هەڵبژاردنی 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی 46 کورسی و دەوڵەتی یاسا 29 کورسیی بەدەستهێنا، کە کۆی گشتی دەکاتە 75 کورسی، بەڵام بەهۆی پەیوەندیی پەرلەمانتارانی دیکەوە پێشبینی ژمارەیەکی زیاتر دەکرێت.
ئەحمەد دەلفی لەوبارەیەوە دەڵێت: "ژمارەی کورسییەکانمان لەو فراکسیۆنە هاوبەشەدا دەگاتە 80 بۆ 85 کورسی."
ئەو دوو فراکسیۆنە بەشێکی سەرەکین لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، کە گەورەترین فراکسیۆنی خولی شەشەمی پەرلەمانن و خاوەنی زیاتر لە 180 کورسین.
عارف حەمامی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێی پێکهێنانی ئەو فراکسیۆنە هاوبەشەین، بەڵام کە پێکهێنراش هەر لەژێر چەتری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەمێننەوە و کار دەکەن."