سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕیی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گۆڕدرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕیی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گۆڕدرا و حوسێن عەبدولسادە کرایە سەرۆکی نوێی فەرمانگەکە.
حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 13-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی ئاساییدا، دادوەر 'حوسێن عەبدولسادە بەهیر'ی وەکو سەرۆکی نوێی فەرمانگەی کارگێڕیی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆن هەڵبژاردن.
بە گوتەی راوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، دادوەر حوسێن عەبدولسادە بەهیر، لە شوێنی دادوەر عامر موسا حوسێنی دەستبەکار دەبێت، وەکو سەرۆکی نوێی فەرمانگەی کارگێڕیی هەڵبژاردن، کە ماوەی یاسایی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی هاتبوو.
راوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆن پێیوایە، ئەم گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا و بەگوێرەی رێکاری یاسایی کراوە.
هەر لەوبارەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکە دوێنێ لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دراوە، بەگوێرەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارە 31ی ساڵی 2019، هەر لێپرسراوێک ساڵێک تەواو بکات لەو پۆستە، دەگۆڕێت و کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دادەنرێت."
بەگوێرەی مادەی 8ی یاسای ژمارە 31ی ساڵی 2019 کۆمیسیۆن، لەنێو ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، سەرۆکی کارگێڕیی هەڵبژاردن هەڵبژێردرێت، یەک ساڵ لە کارەکەی بەردەوام دەبێت و ماوەکە درێژ ناکرێتەوە.