هەواڵگریی عێراق: سەرکردەکانی یەکێک لە مەترسیدارترین مافیا نێودەوڵەتییەکانمان لە سلێمانی دەستگیر کرد

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، سەرکردەکانی "یەکێک لە مەترسیدارترین تۆڕەکانی مافیای نێودەوڵەتی"یان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر کردووە.

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاویکردەوە، "بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی بەدواداچوونی نێوخۆیی و دەرەکی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی توانیویەتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوئاهەنگیی دادوەریی نێودەوڵەتی و دەسەڵاتە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی، سەرکردە تاوانکارەکان دەستگیربکات."

هاوکات دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، "بە پشتبەستن بە زانیاریی ورد و بەدواداچوون لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی دەزگای ئاسایشی هەرێم و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، سەركردەی باندێکی تاوانكاری دەستگیر كرا، کە فەرمانی دەستگیركردنی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی هەبووە و سەر بە تۆڕی (فۆكسترۆت)ی تاوانکارییە."

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، "ئەم باندە مەترسیدارە نێودەوڵەتییە چەندین تاوانیان لە چەندین وڵاتدا ئەنجامداوە، ئۆپەراسیۆنەكە لە یەك كاتدا و لە چەند پارێزگایەك ئەنجامدرا، گرووپە تاوانكارییەكە پلانی هەبووە خاكی عێراق بۆ كردە تاوانكارییەكانیان بەكاربهێنن."

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، "ئەم مافیایە لە ژمارەیەک وڵاتی جیهان تێوەگلاوە لە زۆر تاوانی ئاڵۆزدا، هەروەها پرۆسەی دەستگیرکردنەکە هاوکات لە ژمارەیەک پارێزگا ئەنجامدرا، دوای ئەوەی تۆڕەکە هەوڵیدا خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە تاوانکارییەکانی بەکاربهێنێت."