کریستیانەکانی عێراق داوای کشانەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە حیزب و رێکخراوەکانی پێکهاتەی کریستیان لە عێراق، داواکارییەک ئاراستەی سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و دادگەی فیدراڵی دەکەن، بۆ ئەوەی میلیشیا چەکدارەکان لە ناوچەکانیان بکشێنەوە. هەروەها داوای هەموارکردنی چەند یاسایەکیش دەکەن.
نووسراوەکە ئاراستەی هەریەکە لە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، سەرۆک فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتارانی عێراق، سەرۆک و ئەندامانی دادگەی فیدراڵی، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کراوە.
لە نووسراوی داواکارییەکانیاندا هاتووە، "روونە کە نەوەکانی پێکهاتەی کریستیان یەکێکن لە کۆنترین پێکهاتەی شارستانی، نەتەوەیی و ئایینی لەم نیشتمانە ئازیزەدا. بە درێژایی مێژوو رۆڵیان هەبووە لە بنیاتنانی شارستانییەتی رافیدەین، کە شوێنێکی باڵای لە رێڕەوی مرۆڤایەتیدا هەیە."
حیزبەکانی پێکهاتەی کریستیان دەڵێن، "پێکهاتەکەمان رووبەڕووی کۆمەڵێک کوشتار و جینۆسایدکردن بوونەتەوە لەم ساڵانەی دواییدا، دوایینیشیان لەسەر دەستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و داعش، لەگەڵ گرووپ و میلیشیا بێسەروبەرەکان، کە ئەوانە بوونەتە هۆکاری ئاوارەیی و دەربەدەربوونی ژمارەیەکی زۆر کریستیان، ئەوەش هەڕەشە لە بوونی مێژوویی ئەم پێکهاتەیە دەکات لە عێراقدا."
داواکارییەکانی پێکهاتەی کریستیان ئەمانەن:
1. کشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکان لەو گوند و ناوچانەی کە کریستیانیان تێدان لە دەشتی نەینەوا، هەروەها کارکردن بە دۆسیەی ئەمنی بۆ پێکهاتەی کریستیان و ئێزدی دانیشتووی دەشتی نەینەوا، لە رێگەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە فەرمییەکانەوە، بۆ پاراستنی ناوچەکانمان لە میلیشیا بێسەروبەرەکان و دەستێوەردانیان لە کاروباری نەوەکانمان.
2. هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بۆ گەرەنتیکردنی نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەی کریستیان ئەوەش لەم رێگایانەوە دەبێت:
- دانانی تۆماری هەڵبژاردنی تایبەت بە دەنگدەرانی پێکهاتەی کریستیان، کە تۆمارکردن تێیدا خۆویستانە بێت و تایبەت بێت بە پێکهاتەکەمان.
- دیاریکردنی کاخەز و سندووقی دەنگدان کە تایبەت بێت بە پێکهاتەی کریستیان، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە دەنگدانی کریستیانەکان تایبەت بێت و دوور بێت لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی.
- لە هەموو پارێزگایەک کۆتا بۆ کریستیانەکان دیاری بکرێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردنی سەربەخۆ و تاک.
- داوامان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە لە هەرێمی کوردستانیشدا، هەروەک چۆن داوامان لە هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت و پەرلەمانی کوردستان کردووە کە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و بەهەمان شێوازی پێشووتر کاری پێبکرێت، جارێکی دیکەش لە کاتی دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمان ئەم داوایە پێشکێش دەکەینەوە.
3. جێبەجێکردنی مادەکانی 140 و 125ـی دەستووری عێراق، بۆ گەرەنتیکردنی بوونی نوێنەرایەتی پێکهاتەکەمان و پێکهاتەکانی دیکەش لە پۆستە کارگێڕی و سیاسییەکاندا، هەروەها پاراستنی دیمۆگرافیای ناوچەکانمان.
4. دانانی یاسایەکی تایبەت بە باری کەسی بۆ پێکهاتە ئایینییە ناموسڵمانەکان، لەوانە، کریستیان، ئێزدی و سابیئەی مەندائی، ئەوەش بە راوێژکردن لەگەڵ مەرجەعە ئایینییەکان و سەرۆکی کڵێساکان، کە لەو یاسایەدا رەچاوی جۆری ئایینەکان بکرێت و مافەکانیان بپارێزرێت.
5. هەموارکردنەوەی یاسای داهاتی شارەوانییەکان ژمارە 1ـی ساڵی 2023 و تێیدا مافی پێکهاتە نەتەوەییە ناموسڵمانەکان رەچاوبکرێت.
واژۆکارانی نووسراوی داواکارییەکە ئەمانەن: سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانی کریستیانەکان، حیزبی یەکێتیی دیموکراتی کلدان، حیزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدان، بزووتنەوەی کۆمەڵەی سریان، رابیتەی کلدانی جیهان، دەستەی کارگێڕی کاروباری ئەرمەنی ئەرسۆدکس، کۆمەڵەی ئەرمەنەکان، رەوتی شلاما.