94%ـی هێڵی کارەبای نێوان عێراق و کەنداو تەواو بووە، مانگى نیسان دەکەوێتەکار

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق زۆربەی کارەکانی راکێشان و بەستنەوەی کارەبای عێراق بە کارەبای کەنداو تەواو بووە و بڕیارە لە مانگی نیسانى ئەم ساڵ بکەوێتە کار.
 
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گەیشتووەتە 94% و هەردوو وێستگەی کارەبای وەفرە لە کوەیت و فاو لە عێراق ئامادەن بۆ گواستنەوەی کارەبا".
 
بەگوێرەی پڕۆژەکە، لە قۆناخی یەکەمدا 500 بۆ 600 مێگاوات کارەبا لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ تۆڕی نیشتمانیی عێراق دابین دەکرێت.
 
ئەحمەد مووسا رایگەیاند، هێڵی کارەبای کەنداو پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە کە سەر بە دەستەی هێڵی کەنداوە و وەک بازاڕێک وایە بۆ وزە و لە دەرەوەی تۆڕی نیشتمانیی وڵاتانی کەنداوە.
 
بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق نزیکەی 17 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا لە وەرزی گەرمادا پێویستی بە زیاتر لە 30 هەزار مێگاواتە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، "لە مانگی نیساندا قۆناخی دووەمی راکێشانی کارەبا لە ئوردنەوە دەستپێدەکات، کە 150 مێگاواتی دیکە دابین دەکات.
 
بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی گاز لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، عێراق 4500 مێگاوات کارەبای لەدەستداوە.