چوارچێوەی هاوئاهەنگی: دەبێت دەستبەجێ هەڵمەتی ناوزڕاندن رابگیرێ
رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری دا بە شێوەیەکی "دەستبەجێ" هەموو جۆرە هەڵمەتێکی ناوزڕاندن لە رێگەی میدیا، و لێدوانی تووند رابگیرێ. بەرپرسێکی نێو چوارچێوەکە دەڵێ، بەردەوامبوونی ئەو هەڵمەتە دژبەیەکانە کاریگەری لەسەر چوارچێوە و بڕیارەکانی دروست دەکات.
ئەمڕۆ هەینی، ئەمینداریەتی گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی راسپێردراوی نێو چوارچێوە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ئەو گرژییە میدیاییانەی دروستبوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەپێناو "بەرژەوەندیی گشتی" و بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڵمەتە میدیاییەی ئاڕاستەیەکی خراپی وەرگرتووە و بووەتەهۆی سووکایەتیکردن بە هەندێک لە سەرکردەکان و لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەو بڕیارە دراوە.
بەپێی بڕیارەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەبێت هەموو هەڵمەتە میدیاییەکان و ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی دەستبەجێ رابگیرێن؛ هەروەها هۆشداری دراوە کە "هەر کەسێک ئەم بڕیارە پێشێل بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە و رەوانەی دادگە دەکرێ بۆئەوەی سزای یاسایی خۆی وەربگرێ".
ئەم بڕیارەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا باس لە بوونی ناکۆکی لەبارەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکرا و پەرلەمانتار و ئەندامانی لایەنەکانی نێو چوارچێوەکە لە میدیاکانەوە قسەی دژ بەیەکیان دەکرد.
بەرپرسێکی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رووداوی گوت: "بەربژێرکردنی نووری مالیکی کاردانەوەی زۆری میدیایی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو کاردانەوەیەش بەشێکی هەڵوێستی هەندێک لە لایەنەکانی نێو چوارچێوە بوون و بە ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی کەسانی دیکەی حیزبەکانیانەوە دەریان دەبڕی".
ئەو بەرپرسەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتیشی: "ئەگەر بە زوویی ئەو هەڵمەتە دژبەیەکانە رانەگیرێن، ئەوا کاریگەری گەورە لەسەر نێوخۆی چوارچێوە و بڕیارەکانیشی دروست دەکەن".
هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان خوێندنەوە بۆ پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران، دەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات.
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو لە ترەمپی پرسی کە ئایا هێشتا ڤیتۆی لەسەر گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە بە وردی سەیری [پرسی] سەرۆکوەزیران دەکەین. با بزانین چی روودەدات. هەندێ بیرۆکەمان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام بەڵام دواجار هەموو کەس پێویستی بە ئەمریکایە. هەموو کەسێک پێویستی پێمانە"