لە دوو ساڵدا عێراق 55 هەزار کرێکاری نایاسایی دەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو ساڵدا حکومەتی عێراق 55 هەزار کرێکاری بیانی گەڕاندووەتەوە وڵاتەکانیان، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی کاریان کردووە، ئەو کرێکارانەی دەرکراون تاوەکو دوو ساڵی دیکە بۆیان نییە بێنەوە عێراق.
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی ئەو کرێکارە بیانیانەی کە لە ساڵی 2024 گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکانیان 20 هەزار کرێکار بووە، پاریش 35 هەزار کرێکاری دیکەی نایاسایی گەڕێنراونەتەوە.
حەسەن خەوام گوتی: "ئەو کرێکارانە دوای ئەوەی لەلایەن ئێمەوە ئاشكرا دەکرێن، وەزارەتی ناوخۆ ئاگادار دەکرێتەوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لەدژیان"، گوتیشی "هەر کرێکارێکی نایاسایی لە عێراق بگەڕێنرێتەوە، بۆی نییە تاوەکو دوو ساڵ بێتەوە."
بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە 2024 دەریكردووە، وەبەرهێنەر و خاوەنکاران ناچارکران، کە تەنیا 20%ـی کرێکارەکانیان بیانی بن و ئەوانی دیکە عێراقی بن، هەر کرێکارێکی بیانی بیەوێت لە عێراق کار بکات، دەبێت 250 هەزار دینار رسوومات بدات.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاشکرای کرد، ئێستا 47 هەزار کرێکاری بیانی لە عێراق هەن، کە لە لایەن وەزارەتی کارەوە تۆمارکراون.