کێشەی بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق لەنێوان کریستیانەکان یەکلا نەبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کێشەی نێوان دوو فراکسیۆنە کریستیانەکەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پۆستی بڕیاردەری پەرلەمان یەکلا نەبووەتەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو فراکسیۆنی سۆیانا نووسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتى پەرلەمان بکات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەڵێت: "رێکاری یاسایی بۆ وەرگرتنی دەگرینەبەر."
لە 11ـی کانوونی دووەمی رابردووەوە گرێکوێرەی بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی سۆیانا و بابلیۆنی کریستیانەکان نەکراوەتەوە.
ئیڤان فایەق وەک نوێنەری بابلیۆن لەسەر کورسیی بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق دانیشتووە، لەکاتێکدا فراکسیۆنی سۆیانا داوای پۆستەکە دەکات.
کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانای کریستیان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ دیاریکردنی بڕیاردەری پەرلەمان دەبێت هەر سێ ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتى واژۆی بڕیارەکە بکەن، دانیشتنی ئەو کەسە لەسەر کورسیی بڕیاردەر نایاساییە و بەجیا سەرۆکی پەرلەمان و جێگری دووەم بەڵێنیانداوە کە لەگەڵیان کۆببینەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئەو پرسە.
پەرلەمان دوو بڕیاردەری هەیە، یەکێکیان بۆ تورکمان و ئەوی دیکەیان بۆ کریستیانە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە تورکمانەکانەوە، بە بڕیاری دەستەی سەرۆکایەتى گوڵسڵ محەممەد وەک بڕیاردەر دیاریکراوە، بەڵام بڕیاردەری دووەم بەفەرمی یەکلا نەبووەتەوە.
کلدۆ رەمزی گوتی، "بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت هەر سێ ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتى پەرلەمان واژۆ لەسەر دەستبەکاربوونی بڕیاردەر بکەن، هەفتەی داهاتوو نووسراوی فەرمی ئاراستەی ئەو سەرۆکایەتییە دەکەین بۆ داواکردنی ئەو پۆستە و دەنگدان لەنێو پەرلەمانتارانی کریستیان بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستەکە، هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر وەک گەورەترین فراکسیۆنی کریستیان بۆ وەرگرتنی پۆستی بڕیاردەر."
بەگوێرەی ماددەی نۆی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، یەکێک لە ئەرکەکانی سەرۆک و دوو جێگرەکەی پەرلەمان پێکەوە، دیاریکردنی بڕیاردەری پەرلەمانی عێراقە.
فراکسیۆنی سۆیانا سێ کورسیی کۆتای کریستیانی پەرلەمانی عێراقی هەیە و عیماد یۆخەنای بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە، هەرچی فراکسیۆنی بابلیۆنە دوو کورسی لە پەرلەمان هەیە.