10 لیژنەى پەرلەمانى عێراق تێکەڵ دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى کاتى هەموارى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق پێشنیازی تێکەڵکردنى 10 لیژنە دەکات و بڕیارە هەفتەى داهاتوو دەنگى لەسەر بدرێت.
ئەو لیژنە کاتییە کە لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق پێکهێنراوە، کارەکانى تەواو کردووە و پێشنیازى هەموارى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى پەسند کردووە.
بەگوێرەی پێشنیازی لیژنە کاتییەکە، کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، 25 لیژنە هەمیشەیییەکەی پەرلەمانی عێراق کراونەتە 20 لیژنە.
لیژنەی دارایی و پلاندانان کراونەتە یەک لیژنە، هەروەها لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و ئەوقاف تێکەڵ کراون، لیژنەی کار و وەرزش و لاوان و کۆمەڵەی مەدەنی تێکەڵ کراون، لیژنەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و خێزان و منداڵ تێکەڵ کراون، لیژنەی شەهیدان لەگەڵ کۆچ و کۆچبەران کراونەتە یەک لیژنە.
رۆژی هەینى، 13ى شوباتى 2026، سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تێکەڵکردنی ئەو لیژنانە بۆ کەمکردنەوەیان بەهۆی ئەوەیە کە هەندێک لە لیژنەکان بە ئەندامان پڕ نەدەکرانەوە و زۆر پەرلەمانتار نەدەچوونە هەندێک لیژنە.
کەمکردنەوەی ژمارەی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ هەیە. سەلوان ئاکرەیی گوتی: "دەبێت ئەو گۆڕانکارییەی لیژنەکان لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، کە ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو بێت".
دوای دیاریکردنی ژمارەی لیژنەکان و دەنگدان لەسەریان، ئەندامانی پەرلەمان بەسەر لیژنەکاندا دابەش دەکرێن، هەر لیژنەیەکیش بەشێوەیەکی کاتی لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.