دادگەى فیدراڵیى عێراق بڕیارێکى لەبارەى ماڵپەڕە سێکسییەکان دەرکرد

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر بنەماى سکاڵایەک بڕیاری دا بە ناچارکردنى وەزارەتى پەیوەندییەکان بە دانانى پۆڵێنێکى تایبەت بۆ بەکارهێنەرانى ئینتەرنێت، بەگوێرەى تەمەن و قەدەخەکردنى ماڵپەڕە سێکسییەکان. 
 
سکاڵاکە دوو سکاڵای یەکخراو بوو، کە لەلایەن باسم خەشان، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمان و سعود ساعدى، سەرۆکى فراکسیۆنى حقوق لە پەرلەمانى عێراق پێشکەش کرابوون، رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئادارى 2024 لەلایەن دادگەى فیدراڵییەوە بڕیار لەو بارەیەوە درا.
 
سعود ساعدى، کە یەکێکە لە سکاڵاکارەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە بەردەم دادگە دەڵێت، "دادگە رەزامەند بووە لەسەر سکاڵایەکمان بەقەدەخەکردنى ماڵپەڕە نارەوشتییەکان و بڵاوکردنەوەى بابەتى نێوەڕۆک نەشیاو و سێکسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا."
 
سکاڵاکە لە دژى وەزارەتى پەیوەندییەکان، دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان، سەرۆکوەزیران و سەرۆکى پەرلەمان بووە، تێیدا داواکراوە سکاڵالێکراوان ناچار بکرێن بە دانانى پۆلێنێک، کە بگونجێت لەگەڵ بەها و ئاکارى کۆمەڵگەى عێراق و تێیدا ئەوەى دەستنیشان بکرێت کە چى قەدەخەیە و چى ئاساییە نمایش بکرێت، ئەوەش بەگوێرەى شوێن و تەمەنەکان، هەروەها منداڵان لە نێوەڕۆکى نەشیاو بپارێزرێن.
 
14ـی کانوونى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵی بڕیارێکى کاتى دەرکرد بۆ راگرتنى ماڵپەرە سێکسییەکان لە عێراق تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵاکە یەکلایی دەبێتەوە. هەمان رۆژ باسم خەشان، بەتۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کە سکاڵاکەیان بەئاڕاستەى ئەوەیە، بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانە رێکبخرێنەوە بە جۆرێک لەگەڵ بەها و ئاکارى کۆمەڵگە بگونجێت.
 
پێشووتر لە 17ـی کانوونى یەکەمى 2023، عومەر عەبدولڕەزاق، گوتەبێژى وەزارەتى پەیوەندییەکانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، بەر لە بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بۆ داخستنى ماڵپەڕە سێکسییەکان، وەزیرى پەیوەندییەکان بڕیارەکەى دابوو، بەڵام ئەو بڕیارە هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە.