وەزارەتى دارایی عێراق خشتەى بودجەى 2024 رەوانەى حکومەت دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى دارایی عێراق خشتەى بودجەى 2024 ـی رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران کرد، بە مەبەستى پەسندکردنى و ناردنى بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت وەک بەشێک لە هەموارى یاساى بودجەى گشتى. 
 
13ـی ئادارى 2024، لیژنەى دارايی پەرلەمان ميواندارى تەيف سامى، وەزیرى دارایی حكومەتى فيدراڵى و بەڕێوەبەرانى گشتیى گومرگی و دەستەی باج کرد. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى لیژنەى دارایی لەو کۆبوونەوەیەدا تەیف سامى پێى راگەیاندوون، زانیارییەکانى تایبەت بە خشتەى بودجەى 2024 ئامادەکراون و نێردراون بۆ ئەنجوومەنى وەزیران. 
 
خشتەى بودجە، تایبەتە بە خەرجى و داهاتى نوێى وەزارەتەکان بۆ ساڵى 2024، کە دەخرێتە نێو هەمواری پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى.
 
بڕیارە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئەو خشتانە بخاتە نێو پڕۆژەیاساى هەموارى یاسای بودجە و دواى پەسندکردنى رەوانەى پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت.