بەرپرسێکی ئەمنیی عێراق و سێ لە پاسەوانەکانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی ئەمنیی عێراق و سێ لە پاسەوانەکانی لە رووداوێکی هاتووچۆ دا گیانیان لەدەستدا.

محەممەد کینانی، گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای میسان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەمید جەعفەر فاخیر موسەوی، بەڕێوەبەری بەشی کاروباری هۆزەکانی میسان، ئۆتۆمبێڵەکەی وەرگەڕا و بەهۆیەوە خۆی و سێ پاسەوانی گیانیان لەدەستدا.
 
ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری لاندگروزەرە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک بازگەی عەلی غەرەبی لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان قەزای عەلی غەرەبی-عەممارە لەنزیک گوندی روەیشد روویداوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی جەعفەر هاتوو فاخیر موسەوی، بەڕێوەبەری کاروباری هۆزەکان لە پارێزگای میسان و سێ لە پاسەوانەکانیمان پێگەیشت، کە لە رووداوێکی داهاتووچۆدا لە قەزای عەلی غەرەبی لە پارێزگای میسان گیانیان لەدەستداوە". 
 
ساڵی 2013، نزیکەی 12 هەزار رووداوی هاتووچۆ  و تاوەکو ناوەڕاستی 2024 نزیکەی 3000 هەزار رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. بە گوتەی فازل غەراوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە رووداوەکانی هاتووچۆدا عێراق ئاستی جیهاندا لە پلەی 37 دێت.