حەشدی شەعبی لە کەرکووک، سەلاحەدین و ئەنبار بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بارەگای گرووپی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق و حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی کەرکووک و سەلاحەدین و ئەنبار بۆردوومان کران. سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، بۆردوومانەکان بە فڕۆکەوە بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، بارەگای لیوای 40ـی هێزەکانی حەشدی شەعبی، سەر بە کەتائیبی 'ئیمام عەلی' لە میحوەری دووبز - بای حەسەن لە قەزای دووبزی پارێزگای کەرکووک بە درۆن بۆردوومان کرا و، زانیارییە سەرەتاییەکان باس بوونی بریندار دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنیش لە پارێزگای سەلاحەدین، بە رووداوی راگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بارەگایەکی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە سەربازگەی حەمرە لە باشووری تکریت بۆردوومان کراوە".
لەبارەی زیانەکانەوە، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 3 چەکدار بە سەختی بریندار بوونە".
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی ئاماژەی بەوە کرد، بارەگایەکی "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" لە فەلـلوجەی پارێزگای ئەنبار، رووبەڕووی بۆردوومانێکی ئاسمانیی "نەناسراو" بووەتەوە.
بەهۆی بۆردوومان و هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەماوەی رابردوودا، حەشدی شەعبی، پێگە و بارەگاکانیان لە تەواوی پاریزگاکانی عێراق چۆڵکردووە و بەسەر شوێن و ناوچەی جیاواز دابەش بوون.
بەگوێرەی دەستەی حەشدی شەعبی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی 32 هێرشی ئاسمانییەوە بۆ سەر پێگە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی عێراق، 27 ئەندامیان کوژراون و 50ـی دیکەش برینداربوون.