تورکیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی: گەشت بۆ عێراق مەکەن
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات بەهۆی "خراپیی رەوشی ئەمنییەوە"، گەشتی ناپێویست بۆ عێراق نەکەن و رایدەگەیێنێت، ئاسمانی عێراق تاوەکو نیوەڕۆی 16ـی ئادار بە داخراوی دەمێنێتەوە.
درەنگی شەوی 13ـی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هاووڵاتییانی کرد بەهۆی ناجێگیریی رەوشی ئەمنیی ناوچەکە، گەشتی ناپێویست بۆ عێراق نەکەن و ئاگاداری سەلامەتیی خۆیان بن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەم قۆناخەدا کە رەوشی ئەمنی بەخێرایی و بە شێوەیەکی نەرێنی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، جارێکی دیکە بە گرنگییەوە ئامۆژگاریی هاووڵاتییانمان دەکەین خۆیان لە شوێنە قەرەباڵخەکان، گۆڕەپانەکان، شوێنی خۆپێشاندانەکان و لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا بەدوور بگرن."
باڵیۆزخانەی تورکیا داواش لە هاووڵاتییانی دەکات نزیک نەکەونەوە لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی بەغدا و هەولێر، ئەو شوێنانەی هاووڵاتییانی بیانی زۆر سەردانی دەکەن، ناوچە نیشتەجێبووەکانی موسڵ و دەوروبەری، ناوچەکانی نزیک بەسرە، هەروەها هەموو ناوچە سەربازییەکان و دامەزراوە هەستیارەکانی وەک کێڵگە نەوتییەکان لە سەرتاسەری عێراق.
سەبارەت بە هاتووچۆی ئاسمانی، باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانی ناوچەکەوە، ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا داخراوە و تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی 16ـی ئاداری 2026 ناکرێتەوە.
لەبارەی گەشتە وشکانییەکانیشەوە، باڵیۆزخانەکە روونیکردووەتەوە کە هاتووچۆ لەنێوان تورکیا و عێراقدا بەردەوامە و دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل (خابوور) کراوەیە، بەڵام دەڵێت: "پێشنیاز دەکرێت هاووڵاتییانمان ئەگەر پێویستییەکی زۆر هەنووکەیی و بەپەلەیان نەبێت، خۆیان لە گەشتکردن بۆ عێراق بەدوور بگرن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاندووە کە لە دەروازە سنوورییە وشکانییەکاندا، ڤیزای ترانزێتی حەوت رۆژە بە هاووڵاتییانی وڵاتانی سێیەم دەدرێت؛ بۆیە ئەو هاووڵاتییە تورکانەی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەن و دەیانەوێت لە رێگەی عێراقەوە بگەڕێنەوە تورکیا، دەتوانن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.
باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکانی وڵاتەکە لە هەولێر، موسڵ، نەجەف و بەسرە، هێڵی گەرمی پەیوەندییکردنیان کارا کردووە و داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن لە کاتی پێویست و دروستبوونی هەر کێشەیەکدا، پەیوەندییان پێوە بکەن.