لە کەرکووک درۆنێک کەوتەخوارەوە و لە نەینەواش بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای دووبز درۆنێک لە ''ناوچەیەکی چۆڵەوانی'' کەوتە خوارەوە، هاوکات لە دەشتی نەینەوا و سنووری عێراق - سووریا، چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوومان کران.
سەرچاوەیەکی باڵا لە ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە سنووری قەزای دووبز کەوتووەتە خوارەوە." سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا ئامانجی درۆنەکە و ئەو شوێنەی بۆی چووە نەزانراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە "کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتووەتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق چڕتر بوونەتەوە. سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی بە رووداوی راگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگای کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە دەشتی نەینەوا کراوەتە ئامانج و بەتەواوی وێران کراوە."
سەبارەت بە زیانەکان، سەرچاوەکە گوتی، "تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانە گیانییەکانی ئەو بۆردوومانە نەزانراون."
هێرش بۆ سەر بارەگاکانی حەشد لە ئەنبار
جگە لە رووداوەکانی کەرکووک و نەینەوا، چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئەنبار پشێوی ئەمنی و هێرشی ئاسمانییان بەخۆوە بینی. سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا لە پارێزگاکە بە رووداوی راگەیاند، "نزیک کاژێر 10:00ی شەوی هەینی، بارەگای سەرایا خوراسانی (لیوای 18)ی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری نێوان عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی بووەوە."
بەگوتەی سەرچاوەکە، دوای هێرشەکە فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی ناوچەکە بینراون.
ئەم هێرشانە لەکاتێکدان کە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ماوەی رابردوودا بە چڕی کراونەتە ئامانج. بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی کە دەستەی حەشدی شەعبی لە 12ی ئاداری 2026 بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بارەگاکانیان لە چەندین پارێزگای جیاوازی عێراق رووبەڕووی 32 بۆردوومانی ئاسمانی بوونەتەوە.
ئەو دەستەیە ئاشکرای کردووە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تاوەکو ئێستا 27 چەکداریان کوژراون و 50ی دیکەش بریندار بوون.